حكومه‌ت نزیكه‌ى 2000 پارچه‌ زه‌وى خه‌ڵك قه‌رزاره‌

کشتوکاڵی ئیداره‌ى سۆران: سه‌رپێچییه‌كى زۆر كراوه‌ته‌ سه‌ر زه‌وی میری

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

كشتوكاڵى ئیداره‌ى سۆران ده‌ڵێت، له‌ سنووره‌كه‌یان سه‌رپێچییه‌كی زۆر كراوه‌ته‌ سه‌ر زه‌وى میری و بۆ ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م كێشه‌یه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌و زه‌ویانه‌ى سه‌رپێچییان كراوه‌ته‌ سه‌ر، بریتین له‌ زه‌وى كشتوكاڵى و ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه‌ خاوه‌ندارێتیان بۆ وه‌زاره‌تى دارایی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

سه‌رپێچییه‌كان بریتین له‌ دروستكردنى خانوو و ڤێللا و پڕۆژه‌ى جیاواز له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویانه‌ و  به‌شێكیشیان له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستى كشتوكاڵكردن به‌كارهێندراون.

كامه‌ران مامه‌ند، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كشتوكاڵى ئیداره‌ى سۆران به‌ 964ـى وت، ژماره‌ى ئه‌و زه‌ویانه‌ى له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ سه‌رپێچیان كراوه‌ته‌ سه‌ر نازاندرێ، به‌ڵام زۆرن و ئێستاش سه‌رقاڵى كۆكردنه‌وه‌ى داتا و زانیارین له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویانه‌.

وتیشی “هیچ یه‌كێك له‌و زه‌ویانه‌ى سه‌رپێچیان كراوه‌ته‌ سه‌ر، له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌كه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كى یاساییان بۆ نه‌كراوه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، بۆ رێكخستنه‌وه‌ى ماسته‌ر پلانی ئیداره‌كه‌یان پێویستیان به‌وه‌یه‌ چاره‌سه‌رى ئه‌و جۆره‌ زه‌ویانه‌ بكه‌ن.

روونیشیكرده‌وه‌، له ‌رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ داتاو زانیاری ورد له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویانه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و دواتر بڕیاری پێویست له‌سه‌ر جۆرى سه‌رپێچییه‌كان ده‌درێت.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ده‌ڵێت، حكومه‌ت پێویستى به‌و جۆره‌ زه‌ویانه‌ هه‌یه‌ بۆ دروستكردنى پڕۆژه‌ جۆراوجۆره‌كانى نیشته‌جێبوون و وه‌به‌رهێنان، تاوه‌كو ئێستاش نزیكه‌ى دوو هه‌زار پارچه‌ زه‌وى خه‌ڵك كراوه‌نه‌ته‌ پڕۆژه‌ و حكومه‌ت قه‌ره‌بووى نه‌كردوونه‌ته‌وه‌.

له‌باره‌ى رێكخستنه‌وه‌ى سنوروى گونده‌كانیش وتى “به‌شێكى گونده‌كانى سنوورى سۆران سنوورى نوێیان بۆ دروست نه‌كراوه‌ و پێویسته‌ له‌گه‌ڵ زیادبوونى ژماره‌ى دانیشتوانیان و فراوانبوونیان، سه‌رله‌نوێ سنووریان بۆ دیاری بكرێته‌وه‌”.

كشتوكاڵى سۆران پێشنیارى دروستكردنى پۆند و به‌نداو ده...

كشتوكاڵى سۆران پێشنیارى دروستكردنى پۆند و به‌نداو ده‌كات