هەفتەی جارێک پاک دەکرێتەوە
زبڵێکی زۆر لە عەلوەی کەلار کۆبووەتەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە بۆ 964 نێردراوە، زبڵێکی زۆر لەناو عەلوەی کەلار کۆبووەتەوە، کاسبکارانی عەلوەکەش دەڵێن دوو رۆژە خاوێن نەکراوەتەوە و پێیان وتوون ھەفتەی رۆژێک پاکی دەکەنەوە.
عەلوەی کەلار دەکەوێتە شارەدێی گردەگۆزینە لە قەزای کەلار.
یەکێک لە خاوەن نووسینگەکانی عەلوەی کەلار کە نەیویست ناوی بھێنرێت بە 964ـی وت، رۆژی ھەینی عەلوەکە پاککراوەتەوە، دوای ئەوە تا ئێستا پاکنەکراوەتەوە، سەرپەرشتیارانی عەلوەکە پێیان وتووین ھەفتەی رۆژێک پاکی دەکەنەوە، ئەوپەڕی دوو رۆژ.
خاوەن ئەو نووسینگەیە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئاوا پاکبکرێتەوە، عەلوەکە دەکەوێتە ژێر زبڵەوە، نزیکەی 15 رۆژە بەوشێوەیان لێ کردووە، پێشتریش رێگەیان نەدەدا خۆمان خاوێنی بکەینەوە، بەڵام ئێستا رێگەیانداوە خۆمانیش خاوێنی بکەینەوە.
964 دەزانێت، عەلوەی کەلار کێشەی خاوەنداریەتی ھەیە و دۆسیەکەی ئێستا لە دادگای سلێمانیە، زیاتر لە ھەفتەیەکە ھێزێکی ئەمنی لەپێش عەلوەکە جێگیرکراوە و لەلایەن ئەو ھێزەوە سەرپەرشتی کارەکانی عەلوەکە دەکرێت، تا یەکلاییبوونەوەی بڕیاری دادگا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی