بزانە زانکۆکەی تۆی تێدایە؟
دابەشکردنی دەرماڵەی 11 زانکۆ و پەیمانگای هەولێر دەستپێدەکات
964+
ژووری هەواڵ
لە رۆژی سێشەممەوە تا یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی دەرماڵە بەسەر خوێندکارانی 11 زانکۆ و پەیمانگای سنووری پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات.
بەگوێرەی خشتەی دابەشکردنی دەرماڵی ئەو 11 زانکۆ و پەیمانگایە کە دەست 964 کەوتووە، رۆژی سێشەممە 27.2.2024 دابەشکردنی دەرماڵە بە زانکۆکانی کۆیە، نۆلیج، سترادفۆرد، بونیاد دەستپێدەکات و حەوت زانکۆکەی دیکەش تاوەکو رۆژی یەکشەممە 3.3.2024 پێدانی دەرماڵەکانیان دەستپێدەکات.
د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین هەواڵەکەی بۆ 964 پشتراستکردەوە و وتی، “دابەشکردنی دەرماڵە لە زانکۆکەی ئێمە لە رێکەوتی 3.3.2024 دەستپێدەکات”.
دەرماڵەکە هی ساڵی 2020 و 2019ـیە، بۆ وەرگرتنی پێویستە خوێندکاران خۆیان ئامادە بن و ناسنامەیەکی ناساندنیان پێبێت.
بڕی دەرماڵە بۆ خوێندکاری ناو سەنتەری ئەو شارەی کەمپی زانکۆکەی تیادایە بریتیە لە 40 هەزار دیناری مانگانە، لەکاتێکدا بۆ ئەوانەی خەڵکی دەرەوەی سەنتەری شارن 60 هەزار دینارە.