داوا دەکرێت باج بخرێتە سەر مریشکی هاوردە
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
پیشنیارێک لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە گفتوگۆدایە بۆ باخ خستنەسەر مریشکی هارودە. وەزارەتەکە دەڵێت، پێشنیارەکە بۆ پاراستنی بەرهەمی مریشکی ناوخۆیە.
964+ لە وەزارەتەکەوە دەزانێت، پڕۆژەکانی پەلەوەر بە ڕێژەی 20٪ بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەرزبوونەتەوە بۆ هەزار و 840 پرۆژە و توانای بەرهەمهێنانیشیان بەرزبووەتەوە بۆ 30 ملیۆن و 286 هەزار و 229 جوچکە. بەراورد بە ساڵانی پێشوو، توانای بەرهەمهێنان بە ڕێژەی 42٪ بەرز بووەتەوە.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم بە 964+ـی راگەیاند: دەمانەوێت بەرهەمی مریشکی ناوخۆ بپارێزین، پیشنیاری دانانی باجمان کردووە لەسەر بەرهەمی هاوردە، بەڵام هێشتا نەبووە بە بڕیار.
زانیاریی وەزارەتەکە دەری دەخات، پێویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە گۆشتی مریشک، 147 هەزار تۆنە لە ساڵێکدا، رێژەی بەرهەمیش 240 هەزار تۆنە، لەو ژمارەیەش ساڵانە 93 هەزار تۆن بڕی زیادەی بەرهەم، ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت و لەوێ بە بازاڕ دەکرێت.
“دەمانەوێت هاوسەنگی هەبێت و هاوکاریی بەرهەمی ناوخۆیی بکرێت، چونکە ئێستا بەرهەمی مریشک زۆر بووە و توانای خۆبژێوی و هەناردەکردنیشی هەیە”، فیراس سدیق وای وت.