داوا دەکرێت 20 دار ببڕێنەوە
سیاجی گۆڕستانە گەورەکەی چوارقوڕنە کێشەی دروستکردووە
964+
پێشەوا محەمەد
چەند کەسایەتییەکی شارۆچکەی چوارقوڕنە دەیانەوێت سیاجی بۆ گۆڕستانە گەورەکەیان نوێ بکەنەوە و داوایان کردووە چەند دارێک ببڕنەوە، بەڵام فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین رەزامەند نییە بە بڕینەوەیان.
دارەکان ژمارەیان زیاتر لە 20 دانەیە و تەمەنیان هەیە و لە جۆری کالیپتۆزن.
محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، ئەو کەسایەتیانە دەیانەوێت سیاجی گۆڕستانەکە نوێبکەنەوە بۆ ئەوەی گۆڕستانەکە پارێزراو بێت و جوانتر بێت و ئەوانیش کێشەیان لەگەڵ ئەوە لایەنەیاندا نییە.
وتیشی، “ئەوەی کێشەی دروستکردووە ئەو دارانەن کە ئەوان دەیانەوێت بیانبڕنەوە ئێمەش نامانەوێت ببڕێنەوە، چونکە ڕێگاچارەی تری هەیە و دەکرێت دارەکان بمێننەوە”.
گۆڕستانەکە پێشتر سیاجی هەبووە، بەڵام بەشێکی زۆری رووخاوە و ئەوەی ماویشەتەوە ناشیرین بووە و تێکچووە.
“ئێمە پێمان وتوون دەکرێت ئەو بەشەی دارەکانی لێن بە محاجەرەی ئاسن بکرێت، یان مەترێک دیوار بەرنە دواوە لەو بەشەدا و سیاجەکە بکەن، بەڵام ئەوان هەر سوورن لەسەر بڕینەوەیان و ئێمەش قبووڵمان نییە”، ئەوەش قسەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕینە.