مەرجی هەیە

30 هەزار نەمامی زەیتوون بەسەر جوتیارەکانی ئامێدی و دهۆکدا دابەش دەکرێن

964+

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دهۆک دابەشکردنی 30 هەزار نەمامی بە چەند مەرجێک بەسەر جوتیاراندا راگەیاند و دەڵێت، هەرجوتیارێک لەو دوو قەزایە مەرجەکانیان تێدایە سەردانیان بکەن.

نەمامەکان رێکخراوی Human Appeal دابینی کردوون و ناونووسین لە 16ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و تا 25.2.2024 بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دهۆک ئەمرۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، دەبێت ئەو جوتیارە لە قەزاکانی ئامێدی و دهۆک بێت، زەویی ئامادەی هەبێت و بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە، کە نەمامەکان بەخێو بکات و بەرهەمیان بهێنێت.

بە پێی راگەیەندراوەکەی کشتوکاڵی دهۆک، هەرجوتیارێک کە ئەو مەرجانەی تێدا بوو پێنج نەمامی زەیتوونی دەدرێتێ، لەگەڵ سیستمی ئاودێری و پەینی کیمیایی، هاوکات خولێکی دوو رۆژەشیان بۆ دەکرێتەوە بۆ چۆنێتیی بەخێوکردن و بەرهەمهێنانی نەمامی زەیتوونەکان.

Human Appeal رێکخراوێکی قازانج نەویستە و لە سەرانسەری جیهان کاردەکات بۆ بەهێزکردنی مرۆڤایەتی دژی هەژاری و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کارەساتی سروشتی، لە رێگەی دابینکردنی فریاگوزاریی خێرا و دامەزراندنی بەرنامەکانی گەشەپێدانی خۆپاراستن، ئامانجیان وەبەرهێنانە لە چارەسەری راستەقینە و کاریگەردا لە کارەساتە مرۆیی، ژینگەیی و تەندروستییەکاندا.

کشتوکاڵی دهۆک: دەبینە خاوەنی زۆرترین کۆگای ساردکەرەوە ...

کشتوکاڵی دهۆک: دەبینە خاوەنی زۆرترین کۆگای ساردکەرەوە لە عێراق