پێنجوێن نەوتەکەی حکومەتی ناوێت
میدیازان – محەمەد عومەر – پێنجوێن
هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن وەرگرتنی بەرمیلێک نەوتی سپیی حکومەتی هەرێمیان رەتکردەوە و بەو هۆیەشەوە دابەشکردنەکە وەستاوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە وەک یەکەم شوێن ناوچە شاخاوی و ساردەکان هەر خێزانە و بڕی ٢٠٠ لیتر نەوتی سپیی بە ١٠٠ هەزار دینار پێ بدرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە ساڵی پار هەر ٢٠٠ لیتر نەوتێک بە ٥٥ هەزار دینار دابەشکراوە، بەڵام لەپێنجوێن خەڵکی دەبەو بەرمیلەکانیان نەهێنایە بەر دەرگاو وتیان ئەم نەوتەمان بەم پارەیە ناوێت.
کەیوان شەریف، کە هاوڵاتییەکی دانیشتووی پێنجوێنە بە میدیازانی راگەیاند: قبووڵمان نییە نەوتی حکومی بەرمیلی بە ١٠٠ هەزار دینار وەربگرین، هەموو ساڵێک حکومەتی هەرێم نرخەکەی گران دەکات.
قەزای پێنجوێن بەپێی ژمارەی دانیشتوانەکەی پێویستی بە ٣ ملیۆن لیتر نەوت هەیە، بۆ کۆی کوردستانیش ئەگەر هەموو خێزانێکیش تەنیا ٢٠٠ لیتر نەوت وەربگرێت، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە ٢٤٠ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار لیتر نەوتی سپیی هەیە.
بە پێی زانیارییەکانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمیش لە بەغدا، بڕیار وایە حکومەتی عێراق ١٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی ڕەوانەی هەرێم بکات.
زانا ڕەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن بە میدیازانی راگەیاند: پشتگیریی تەواوی داواکاریی هاووڵاتیان دەکەین، داواکارییەکەشمان بەرز کردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە.
پێشتر کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم بە وەکالەت ڕایگەیاندبوو: ئەو نەوتە حکومەت بەرمیلی بە ٢٨٤ هەزار دینار دەیکڕێت، بەڵام بە ١٠٠ هەزار دینار دەیداتەوە بە خەڵک و ٦٥٪ـی نرخەکەی کەوتووەتە ئەستۆی حکومەت.
ئاماژەی بەوەش دابوو، هەرکاتێک نەوتەکەی بەغدا گەیشتە هەرێم، بە هەمان ئەو نرخە دابەشی دەکەن کە لە بەغدا دەدرێت بە خەڵک.