رووفاتەکان خەڵکی جەلەمۆردن
ژنێک لە بەسڕەوە بەشداری رێورەسمی بە خاکسپاردنی 172 رووفاتەکە کرد
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
گریان و هاوار بە رووخساری کەسوکاری ئەنفالکراوان و بەشدارانەوە دیارە، ئەو رووفاتانە هێشتا کەسوکاریان دیاری نەکراوە، بەڵام لەلای هەموویانە روونە و دەزانن رووفاتەکان کوردن، ژنە کوردێک کە لە بەسڕەوە خۆی گەیاندووەتە چەمچەماڵ، پێنج برای ئەنفالە و مەبەستی بووە بەشداربێت لە بەخاکسپاردنی 172 رووفات بکات لە مۆنۆمێنتی ئەنفال.
تەنیا ئەو نییە، بەڵکو کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیانی و چەمچەماڵییەکان بە جەستە لێرەبوون، هیوایەکیش کە بە ئەنجامی پشکنینەکان هەڵیان واسیوە، تا بە خوێن دەری بخات ئێسک و پروسکە ماندووەکان، دایک، باوک، خوشکی و برای کێن.
تاوەکو ئێستا، تەنیا 1010 رووفاتی ئەنفالکراو هێنراونەتەوە بۆ چەمچەماڵ، لەو سەدان هەزار کەسەی کوردەی لە کوردستان ئەنفالکراون، مۆنۆمێنتی قەزاکە دەیەوێت داتا بەیسێک بۆ تەواوی پشکنینی کەسوکرای ئەنفالکراوان دروست بکات، تا رووفاتەکان لە رێگەیەوە بناسرێنەوە.
ئەم رووفاتانە، زیاتر لە چوار ساڵە لە داد پزیشکی بەغداد مابوونەوە، کاتێک لە بیابانەکانی سەماوە بەهۆی زریانی باوە، ئێسک و پروسکیان دەرکەوت، دواتر زانرا کوردە راگوازراوەکانن و حکومەتی ئەوکاتی بەعس زیندە بە چاڵی کردوون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا