نزیکەی 24 کیلۆمەترە
رێگەی خدروەلی – نەوجول قیرتاو دەکرێت
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
قیرتاوکردنی رێگای خدروەلی – نەوجول دەستیپێکرد، کە رێگای 40 گوندی ناوچەی داودەی سنووری دوزخورماتووی بەسەرەوەیە و ساڵانێکە بەهۆی خراپییەکەیەوە هاوڵاتیان داد و بێدادیان بوو بەدەستییەوە.
هەڵکەوت محێدین، دانیشتووی گوندی وارانی ئەو سنوورە بە 964ـی وت، “ساڵانێکە خەڵکی گوندەکان جگە لە خراپیی دۆخی خزمەتگوزاری، بەدەست خراپیی رێگاوبانەکانەوە دەناڵێنین و بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکان بەو هۆیەوە ماڵیان بەجێهێشتووە و کۆچیان بۆ شارەکانی هەرێم کردووە”.
پڕۆژەکە نزیکەی سێ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە و بڕیارە لە ماوەی ساڵێکدا تەواو بکرێت و پارەکەشی لە لایەن سندوقی ئاوەدانکردنەوەوە بۆ دابینکراوە.
خالد ئەلحوسێنی، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە 964ـی وت، “مەودای خراپی رێگاکە و چاککردنی زیاتر لە 23 کیلۆمەترە، کە لە گوندی خدر وەلییەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە سنووری ناحیەی نەوجول”.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد