مۆڵەتەکەت دابنێ و بگەڕێوە بۆ شوێنی خۆت
لە هەولێر مۆڵەت لە زێڕینگەرێک سەندرایەوە
میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر
لە شاری هەولێر زێڕینگەرێک فێڵی لە هاوردەکارانی زێڕ کردووە و پارەی لێ خواردوون، لقی هەولێری سەندیکای زێڕینگەرانیش مۆڵەتەکەیان لێوەرگرتووەتەوە.
بە وتەی سەندیکاکە، زێڕینگەرەکە عراقییەو خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە، دەشڵێت، “وامان لێکردووە هەولێر جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی”.
میدیازان دەزانێت ئەو زێڕینگەرە 12 دەفتەر (120 هەزار دۆلار)ی هاوردەکارانی زێڕ قەرزدارە، ئێستا رێکارە یاساییەکان بەرانبەری گیراونەتەبەر.
هەندرێن وەرتی، وتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای زێڕینگەران هەواڵەکەی بۆ میدیازان پشتڕاستکردەوە.
ئەو وتی، “لە هەموو ساڵی 2022، دوو حاڵەتی فێڵکردن هەبووە، بەڵام هیچیان لە بەرانبەر کڕیاران نەبوون”.
میدیازان پەیوەندی بە لقی سلێمانی و دهۆکی سەندیکای زێڕینگەران کرد، ئەوان رەتیانکردەوە لە ئەمساڵدا هیچ حاڵەتێکی هاوشێوە روویدابێت. بەڵام نەیانشاردەوە لە ساڵانی رابردوو حاڵەتی فێڵکردن هەبووە، بەڵام زیاتر لە هاوردەکاران بووە، نەک کڕیاران.