خواست لەسەری زیادیکردووە

ژنانی گوندی بەرچی 32 ساڵە تەنوری قوڕ دروستدەکەن

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

ئەمساڵ لە سنوری پارێزگای دهۆک خواست لەسەر تەنوری کوردی زۆرە، جیاواز لە ساڵانی رابردوو ئەمساڵ لە وەرزی زستانیش خەڵکێکی زۆر تەنور دەکڕن و ژمارەیەکی زۆری لێدروستدەکرێت.

لە گوندی بەرچی سەر بە ناحیەی دێرەلوک، 10 ژن 32 ساڵە تەنوری قوڕ دروستدەکەن و دەیفرۆشن، ئەوان دەڵێن، بەراورد بە ساڵانی پێشتر ئەمساڵ مشتەری زۆرتریان هەیە و خەڵک بە ناونوسین سەرەی بۆ دەگرن.

زلفی بەرچی یەکێکە لەو ژنانەی تەنور دروستدەکات، ئەو بە 964ـی وت، “بژێوی ژیانمان لەسەر ئەو کارەیە، رۆژانە هەر یەکەمان دەتوانین دوو تەنور دروستبکەین، ئەمساڵ خواستێکی زۆری لەسەرە بۆیە هاوڵاتیان ناویان دەنوسن دوای چەند هەفتەیەک بۆیان دروست دەکەین”.

وتیشی، بۆ دروستکردنی تەنور چەند قۆناغێک پێویستە کە پێکدێن لە پاکردنەوەی خۆل، قوڕ دروست کردن، قوڕ شێلان. سەرەتاش ژێری تەنورەکە دروستدەکرێت ئینجا لایەکانی، دواتر رێککاری بۆ لاتەنیشتەکان تەنورەکە دەکرێت.

“رۆژانە زیاتر لە 25 تەنوری کوردی دروستدەکەین، لە وەرزی زستاندا بەهۆی سەرما کارەکەمان قورسترە، لە هاوینان زووتر تەنور ئامادە دەبێت بەهۆی گەرما زووتر قوڕەکە وشک دەبێتەوە”، زلفێ بەرچی وای وت.

نرخی تەنور بەپێی گەورەیی و بچوکی تەنورەکە دەگۆڕێت، کە لە 20 هەزار دەست پێدەکات تاوەکو 200 هەزار دینار دەڕوات.

پێداچوونەوە: هاوبەش

قوڕی کفری تا قەرەتەپەش دەڕوات

قوڕی کفری تا قەرەتەپەش دەڕوات