دوای چەند ساڵ چاوەڕوانی
ناحیەی باتێل خرایە سەر قەزای زاخۆ
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دوای چەند ساڵێک داواکاری، دواجار داواکاری هاوڵاتیانی ناحیەی باتێل جێبەجێکرا و بە نوسراوێکی فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بڕیاردرا ناحیەی باتێل لەرووی ئیدارییەوە بخرێتە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
نوح سلێمان، دانیشتووی ناحیەکەیە بۆ 964 وتی، “ئەمە داوای ئێمە بووە و حکومەت بڕیارێکی دروستی داوە، چونکە بۆ هەموو کاروبارێک دەبوو روو لە دهۆک بکەین، بەڵام ئێستا ئاسانتر بوو و زۆڕ دڵخوشین بەم بڕیارە”.
ئەیسەر جەرجیس، بەرێوەبەری ناحیەی باتێل بە 964 راگەیاند، “ئەمە داوای هاوڵاتیانی ناحیەکە خویان بووە، هەموویان بەم بڕیارە دڵخوشبوون و دڵنیام لەوە خزمەتگوزاری باشتر لەناحیەکەمان دەکرێت”.
ناحیەی باتێل دەکەوێتە باشوری زاخۆ، ژمارەی ئاکنجیانی یان دانیشتوانی نزیکەی 20 هەزار کەسە، زیاتر لە 72 گوند و حەوت کۆمەڵگەی لەسەرە، رووبەری 240 هەزار دۆنمە، ئەمەش بەپێی زانیاری ناحیەکە کە بە 964 دراوە.