کێشەی کارەبایان هەیە
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی: هاتنەوەی ئاوی ماڵان دوادەکەوێت
964+
پێشەوا محەمەد
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هاوبەشانی ئاگادار دەکاتەوە، کە بەهۆی کێشەی کارەباوە هاتنەوەی ئاو دوادەکەوێت.
بەپێی بەدوادچوونەکانی 964، کێشەکە لە وێستگەی کارەبای تاسڵوجە روویداوە و کارەبای بۆریی ئاوی دوکان – سلێمانی لەسەر ئەو وێستگەیەیە.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە 964ـی وت، “سەرەتا کێشە لە وێستگەکە دروستبوو و دوای نیو کاتژمێر چاک کرایەوە، بەڵام کەمێک بەرلەئێستا دووبارە کێشەکە سەریهەڵداوەتەوە و کارەبای وێستگەکە کوژاوەتەوە”.
دەشڵێت، هەتا چاککردنی وێستگەکە و هەڵکردنەوەی کارەباکە ناتوانن ئاوی بەشێکی زۆر لە هاوبەشەکانیان بنێرنەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە 190 هەزار هاوبەشی ئاوی لەسەرە، نزیکەی 110 هەزاریان ئاویان لە رێگەی بۆریی ئاوی دوکان – سلێمانییەوە پێدەگات و 80 هەزاریشی لەرێگەی پڕۆژەی ئاوی سەرچنارەوە ئاویان پێدەدرێت.
شاری سلێمانی لە زیاتر لە 200 گەڕەک پێکدێت، نزیکەی 30 گەڕەکیان لە رێگەی تانکەرەوە ئاویان پێدەگەیەندرێت و زۆرینەی ئەوانەش گەڕەکە نوێکانن.