لێڵی ئاوەکەی سێ هێندەی رێژەی ئاساییە
بۆ کاتێکی نادیار کەرکوک بێ ئاو دەبێت
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەو بارانە بەخوڕەی چەند رۆژی رابردوو ئاوی شاری کەرکوکی لێڵ کردووە و بەرێوەبەرایەتی ئاوی کەرکوک ئاگاداری هاوڵاتییان دەکاتەوە، زێدەڕۆیی لەبەکارهێنانی ئاو نەکەن، بۆماوەی چەند رۆژێک سەرتاسەری کەرکوک بێ ئاو دەبێت.
هیشام ئیبراهیم زەنگەنە بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی ئاوی کەرکوک بە 964ـی وت، بەهۆی باران و لافاوەوە ئاوی زابی خواروو لێڵ بووە،
ئەمەش وایکردووە رێژەی لێڵی لە ئاوەکەدا زۆر بێت و فلتەرەکانی پاکردنەوەی ئاو لە توانایاندا نەبێت وەک پێویست کاری خۆیان بکەن.
بەوتەی هیشام ئیبراهیم، “بەهۆیەوە لەسەرتاسەری کەرکوک بۆ ماوەیەکی نادیار ئاو دەبڕێت”.
بەپێ زانیارییەکانی 964 رێژەی لێڵ بونی ئاوەکە NTU لەسەرووی 1500 پلەیە، چاوەڕوان دەکرێت ئەو رێژەیە دابەزێت بۆ نزیک 500 پلە ئەوکات دەست بە دابەشکردنی ئاو دەکرێتەوە.