پاشماوەی باران بارینی بەخوڕ لە قەزای دەربەندیخان _ وێنە: قایمقامیەتی دەربەندیخان
"بۆ قەرەبوو کردنەوەیە"
لە دەربەندیخان و گوندەکانی ئاماری ماڵە زیانلێکەوتووەکان دەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
قایمقامیەتی دەربەندیخان لە رێگەی لیژنەیەکەوە، دەستدەکات بە تۆمارکردنی ناوی ئەو ماڵانەی بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ زیانیان پێگەیشتووە، ناو تۆمارکردنەکە بۆ قەرەبووکردنەوەیە.
لە دوو رۆژی رابردوودا لە دەربەندیخان 112.1 ملیم باران باریوە، توندی شەپۆلەکە جگە لە زیان گەیاندن بە بەنداوی دێوانە، و هەڵکەندنی دارێکی 15 ساڵەی قەد ئەستوور، ژمارەیەک خێزانیش ئاو چووە ناو ماڵەکانیانەوە.
ئامارێکی دروست لە بەردەست نییە بۆ ژمارەی ئەو خێزانانەی ئاو چوبێتە ناو ماڵەکانیانەوە، بەڵام بە قسەی قایمقام بێت، ژمارەیەک ماڵ لە خوارووی قەزاکە نیگەرانیان دەربڕیوە لە پەنگخواردنەوەی ئاو و بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستەکەی، ئاو چووەتە ناو ماڵەکانیانەوە.
وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان: رێگەی چوون بۆ دەربەندیخان و کفری داخراوە
ئەمڕۆ شەممە 17.2.2024، سڵێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ی وت، بۆ ئەوەی ئامارێکی دروست لە بەردەست بێت و قەبارەی زیانە ماڵییەکان بزانین، لە قایمقامیەت ژمارە تەلەفۆنێکمان بەردەست خستووە.
“ئاگاداری ئەوان بۆ هەموو دانیشتووانی دەربەندیخان و گوندەکانی دەوروبەری سەر بە قەزای دەربەندیخان دەگرێتەوە، داوا دەکەین تووشی هەر زیانێکی ماددی بوون یان ئاو چووەتە ماڵەکانیان، دەتوانن لە رێگەی پەیوەندی بەم ژمارە مۆبایلە، زیانەکانیان پێ رابگەیەنن 07731442582.
ئەو لە بارەی ئەنجامی کۆکردنەوە و داتاکردنی زیانەکان وتی، “مەبەستمانە بۆ هەر بڕیارێک، بە ماددی بێت یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری قەرەبووی ئەو ماڵانە بکەینەوە، کە زیانیان بەرکەوتووە”.
کۆی بارانبارینی ئەمساڵ لە قەزاکە، 594 ملیمەتر بووە تا 15.2.2024، لە کاتێکدا بۆ هەمان ماوەی بڕینی بارانبارین، پارساڵ بڕی 307.4 ملیمەتر باری بوو.