رێکخراوە بیانییەکان نۆژەنیاندەکەنەوە

لە دهۆک 24 پێگەی شوێنەواری نۆژەندەکرێنەوە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

ئەمساڵ لە پارێزگای دهۆک 24 پێگەی شوێنەواری لە سنوری پارێزگای دهۆک نۆژەندەکرێنەوە، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری دهۆکیش دەڵێت، لەلایەن رێکخراوە ئەوروپییەکان شوێنەوارەکان نۆژەندەکرێنەوە.

لە شەش قەزای پارێزگای دهۆک دەست بە نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان کراوە، گرنگترین ئەو شوێنانەی نۆژەندەکرێنەوە پێکدێن لە کۆنترین گەڕەکی دهۆک کە برایەتیە، ئەشکەوتی چارستین، مزگەوتی کۆنی ئامێدی، کورا سێجێ، دەرگای بادینان، کەنیسەی کۆن لە قەزای ئامێدی، گرێ باستکێ، گرێ زید لە قەزای سێمێل، گرێ گۆمل لە قەزای شێخان، باژێرێ ژێرێ ئاکرێ و قشڵە و کنیستا حزقیال “شوش” و زۆربەی پێگە شوێنەوارییەکانی قەزای ئاکرێ.

بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپوری دهۆک بە 964ـی وت، 24 پێگەی شوێنەواری لە پارێزگای دهۆک نۆژەندەکرێنەوە، ئەمساڵ 12 شوێن کاری هەلکۆڵینیان بۆ دەکرێت، 12شوێنیش بە تەواوی نۆژەن دەکرێنەوە، ئەو شوێنانەی نۆژەن دەکرێنەوە لە تەواوی سنوری پارێزگای دهۆکە بە تەواوی قەزا و ناحیەکان.

وتیشی، “نازانین چەند بودجە بۆ ئەو 24 پرۆژە تەرخانکراوە، پارەکە لەلایەن رێکخراوە ئەوروپییەکان خەرجدەکرێت پەیوەندی بە ئێمەوە نیە، کە کۆتایی بە نۆژەن کردنەوە هات ئەو کات دیار دەکەن تێچووەکەی چەند بووە”.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست 964 کەوتوون، ئەشکەوتی چارستین بە گوژمەی 731 هەزار دۆلار نۆژەندەکرێتەوە، هەروەها لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنترین گەڕەکی دهۆک کە برایەتیە بە گوژمەی 30 ملیۆن دینار نۆژەندەکرێتەوە، کە 100 یەکەی نیشتەجێبوون دەگرێتەوە و گەیشتووە بە کۆتا قوناغ.

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپوری دهۆک کە 964 وەریگرتووە، لە پارێزگای دهۆک دوو هەزار و 221 شوێن و ناوچەی شوێنەواری هەیە و بەردەوام لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ شوێنەکان دەکرێن.

پێداچوونەوە: هاوبەش

لە موزەخانەی زاخۆ پارچەی شوێنەواری تێدایە تەمەنی 10 هەز...

لە موزەخانەی زاخۆ پارچەی شوێنەواری تێدایە تەمەنی 10 هەزار ساڵە