چی لێ دەکرێت؟
شەقامی هەواری شار بۆ تونێلی پێشڕەو گۆڕانکاری تێدا دەکرێت
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
شەقامی هەواری شار بۆ تونێلی پێشڕەو گۆڕانکاری تێدا دەکرێت و شارەوانی سلێمانی دەڵێت، هەوڵ دەدرێت بە زووترین کات تەواو بکرێت.
شەقامەکە کیلۆمەتر و نیوێکە، شارەوانی سلێمانی بە هاوکاری زانکۆی سلێمانی دیزاینەکەیان کردووە و جێبەجێکردنەکەی لە ئەستۆی کۆمپانیای قەیوانە.
بەکر مەحمود، ئەندازیار لە شارەوانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو شەقامە پێشتر چەندان رووداوی نەخوازراوی هاتوچۆی تیادا روویداوە، ئێستا لە دیزاینە نوێکەدا شەقامەکە دەستکاری کراوە و مەرجەکانی سەلامەتی هاوڵاتیانی تێدا جێگیر کراوە.
وتیشی، “لەبەردەم تونێلی پێشڕەو فولکەیەک دروست دەکرێت، دواتر لێژیی شەقامەکە 15%ـەوە بۆ 12% کەمدەکرێتەوە و خێرایی شەقامەکەش دەکرێتە 50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و ئەو فولکە خڕەی لە ناوەڕاستی شەقامەکەیە و کێشەی دروستکردووە چارەسەر دەکرێت و سەرجەم شەقامەکەش کامیرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی بۆ دادەندرێت”.
لە رابردوودا ئەو شەقامە چەندان رووداوی هاتوچۆی تێدا روویداوە و قوربانی لێکەوتووەتەوە.
ئەندازیارەکەی شارەوانی سلێمانی وتیشی، “هەوڵ دەدەین بە زووترین کات تەواو بکرێت و لە کاتی کارکردنیشدا رەنگە لە کۆتاییدا پێویست بە داخستن بکات، هەرکاتیش داخرا هاوڵاتیان دەتوانن شەقامی کوردستان بۆ تونێلەکە بەکاربهێنن”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی