دیمەنێک لە گردبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازی لە هەڵەبجە - وێنە: 964
خۆپیشاندان دەستپێدەکەنەوە
مامۆستای ناڕازی هەڵەبجە و سێ قەزای سنوورەکە؛ بایکۆت ناشکێنین
964+
ئەحمەد مستەفا
لە بڵاوکراوەیەکی هاوبەشدا، مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگای هەڵەبجە و هەرسێ قەزای شارەزوور، سەیدسادق و پێنجوێندا دەڵێن، “زانیارییان پێگەیشتووە، سزادانەکانیان هەڵدەوەشێنەوە” و دووپاتی ئەوەش دەکەنەوە، بایکۆت ناشکێنن.
تا ئێستا پەروەردەی ئەو ناوچانە، رێژەی ئاسایبوونەوەیی پرۆسەی خوێندن و دەوامی مامۆستایان ئاشکرا ناکەن، بەڵام بە دانپێدانانی مامۆستایانی ناڕازیش بێت، پاش پێنج مانگ ناڕەزایەتی و بایکۆت، هەفتەیەکە مامۆستایان لە بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندنی هەڵەبجە و هەرسێ قەزاکەدا دەستیان بە دەوام کردووە و کتێب دراوە بە قوتابیان.
ئەمڕۆ سێشەممە 13.2.2024، ئەو مامۆستا ناڕازییانە لە بڵاوکراوەیەکیاندا، کە بۆ 964- یان ناردووە، دەڵێن، “ئێمە وەک نوێنەری سەرپەرشتیارانی ناڕەزایەتییەکان، بەو پێیەی لە یەک سنووری جوگرافیداین و لە یەک ئاڕاستەی دیاریکراوی حکومی و حیزبییەوە، فشارەکان شۆڕدەبنەوە هەماهەنگی لە نێوانماندا زیاتر دەکەین و تا کۆتایی پشتی یەک بەرنادەین”.
مامۆستا، کرمانج محەمەد یەکێکە لە مامۆستا ناڕازییەکانە، ئەو بە 964ی وت، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی مامۆستا ناڕازییەکانی ئەو ناوچەیەدا، کە شەوی رابردوو بەڕێوەچووە، بڕیاردراوە رۆژی چوارشەممە 14.2.2024، دەست بە خۆپیشاندان بکەنەوە.
ئەو مامۆستایە دانی بەوەدانا، کە لە هەڵەبجە و هەر سێ قەزاکەشدا، تاڕادەیەک قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەڵام وتی، هەندێک مامۆستا هەن، هێشتا داکۆکی لە جێبەجێبوونی داواکانیان دەکەن، بابەتی سزاکانیش تەنیا بۆ فشارە و لە سەرچاوەی باڵای دەسەڵاتەوە، زانیاری وردمان پێگەیشتووە، کە تەواوی سزاکان هەڵدەوەشێنرێنەوە.
سزادانەکان چین؟
- لە بەرامبەر ئامادەنەبوونی، مامۆستاکان لە وانەکاندا، بە نەهاتوو رۆژانی دەوامیان بۆ هەژماردەکرێ و ئەو رۆژانەش بۆ ماوەی خزمەتیان لە کەرتی گشتی هەژمار ناکرێت.
داواکارییە سەرەکییەکانیان چین؟
- پێدانی مووچە 30ی رۆژ جارێک.
- پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە.
- دامەزراندنی وانەبێژان.