"پارەی هۆڵیش وەرنەگرن"

ئەوقافی سلێمانی: رێگربن لە دانانی قاوە و چا لە پرسەکاندا

964+
ئەحمەد مستەفا

ئەوقافی سلێمانی لە بارەی پرسەی کۆچکردووان و بەکرێدانی هۆڵی پرسەکان، گشتاندێکی شەش خاڵی، ئاراستەی پێشنوێژ و وتارخوێنەکانی سلێمانی کردووە و دەڵێت، “پارەی هۆڵ وەرمەگرن و رێگە مەدەن قاوە و چا لە پرسەدا دابنرێ”.

لەو نووسراوەدا، کە واژۆی ئاکۆ حەسەن، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی لەسەرە و وێنەیەکی بۆ 964 نێردراوە، ئەمڕۆ دووشەممە 12.2.2024، پابەندی پێشنوێژ و وتارخوێنەکانی کردووە، کە پارە لە خاوەن پرسە وەرنەگرن، کاتێک هۆڵی پرسە و مزگەوت دەدرێت بە ماڵباتی کۆچکردوو بۆ دانانی مەراسیم.

ئاماژە بەوەش کراوە، نابێت خزمەتگوزار و مامۆستای مزگەوت دەستوەردان بکەن، لە بابەتی بەکرێدانی خێمە، کورسی و قورئان خوێندن، هەروەک بڕە پارەی قورئان خوێنی بۆ مامۆستاکان دیار کردووە، کە لە نێوان 50 هەزار بۆ 70 هەزار دینار دەبێت، داوای پابەندبوونیشی لێکردوون.

داواشیکردووە، بە هۆکاری پیسبوونی هۆڵی پرسە و زیادە خەرجی لەسەر شانی ماڵباتی کۆچکردوو، رێگە بە گێڕان و دانانی قاوە و چا نەدرێت، لە کاتی بەڕێوەچوونی پرسەکاندا، هەروەک رەزامەندی داوە لەوەی سوود لە ئامێری ئەلیکترۆنی ببینرێت، بۆ خوێندنی قورئان لە کاتی بەڕێوەچوونی پرسەکەدا.

لە تەواوی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئاماری وەزارەتی ئەوقاف بێت، پێنج هەزار و 820 مزگەوت هەن، کە ژمارەیەکیان هۆڵی پرسەیان هەیە و مەراسیمی پرسەی کۆچکردووانی تێدا ئەنجامدەدرێ.

دەقی نوسراوی ئەوقافی سلێمانی:

+964صورة من منصة (شبكة):