پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین بەدوای 119 تۆمەتبار دەگەڕێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە سنوری ئیدارەی راپەڕین 119 کەس فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام نەتوانراوە دەستگیر بکرێن، پۆلیسیش دەڵێت بەشێکیان بۆ دەرەوەی وڵات هەڵهاتوون و بەدوایاندا دەگەڕێن.

ئەمڕۆ دووشەممە، شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژمارەی ئەو تاوانانەی لە 2022 ئەنجامدراون زیادیانکردووە بەراورد بە ساڵی پێشووتر.

ساڵی رابردوو، چوار هەزار و 948 رووداوی نەخوازراو و تاوان رویانداوە و 119 کەس کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی بەشێک لەم تاوانانە هەڵهاتوون بۆ دەرەوەی ئیدارەی راپەڕین و دەستگیرنەکراون، شۆڕش ئیسماعیل وای وت.

زۆرترین ئەو کەسانەی کە کوژراون لە سنوری ئیدارەی راپەڕین ژنن، لەکۆی 19 کوژراو 15 کەسیان ژن بوون، نۆ کەسیش خۆیان کوشتووە، چوار کرێکاریش لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.

هەر لە ماوەی ساڵی 2022ـدا، دوو هەزار و 216 کەس دەستگیرکراون کە 101 کەسیان ژنن..

ژمارەی ئەو کەسانەی کە ساڵی رابردوو بەهۆکارە جیا جیاکان بریندار بوون 861 کەس بوون و زۆرترینی هۆکارەکان روداوی هاتوچۆ بووە.