هاتوچۆ وادەی دیاری کرد
بارهەڵگرەکانی سەیدسادق نابێت لە کوچە و کۆڵانەکان پارک بکرێن
964+
ئەحمەد مستەفا
وەستانی ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر، لە ناو گەڕەک، کوچە و کۆڵانەکان و شەقامەکانی ناو سەیدسادق قەدەغە دەکرێ، قایمقام دەڵێت، گەڕاجێکیان لە دەرەوەی قەزاکە بۆ کراوەتەوە و سەرپێجی بکەن هاتوچۆ سزایان دەدات.
بەشی هاتوچۆی سەیدسادق، ئاگاداری سەرجەم شۆفێرانی ئۆئۆمبیلە بارهەڵگرەکانی قەزاکەی کردووەتەوە، دەبێت ئیتر لە کۆڵانەکاندا ئۆتۆمبیلەکانیان پارک نەکەن، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە دوای رۆژی 18.2.2024، هەر ئۆتۆمبیلێک لە ناو کۆلانەکاندا ببینرێ پسوڵەی سەرپێجی بۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 12.2.024، لەبارەی ئەو رێکارەوە رەزا محەمەد، قایمقامی قەزای سەیدسادق بە 964ی وت، ژمارەیەک گلەیی و نیگەرانی خەڵکمان پێگەشتبوو، لەسەر شێوازی پارک کردن، ئاستەنگی هاتوچۆ و مەترسی رووداوی نەخوازراو، بۆیە وەک چارەسەر لەلایەن شارەوانییەوە زەوی دابینکراو، و گەڕاجێکی گەورەی گشتی لە گوندی قاینەجە- ی دەرەوەی سەیدسادق دروستکرا تا ئۆتۆمبیلەکان لەوێ پارک بکرێن.
بە قسەی قایمقام بێت، زۆرینەی ئۆتۆمبیلەکان، تانکەری رۆن و بەنزین، یان گواستنەوەی کەلوپەلن کە لە کۆڵانەکاندا پارک دەکرێ، ئەو وتیشی، “هاتوچۆی قەزاکە لە دوای ئەو بەروارەی دیاری کردووە، و لە ئەگەری پابەندنەبوونی شۆفێران، پسوڵەی سزای سەرپێچیان بۆ دەکرێت”.