چەند شەقام و کۆڵانێکی ناوەندی قەزای دوکان. وێنە :964
زبڵ و خاشاک قەزاکەى داپۆشیوە
سێ رۆژە ژینگەپارێزانى دوکان بایکۆتیان راگەیاندووە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
بڵاوبوونەوەى بۆنى ناخۆش و زبڵ و خاشاک لە ناو گەڕەک و کۆڵان و شەقامەکانى قەزاى دوکان، دانیشتوانى قەزاکەى بێزار کردووە، ئەوەش دواى ئەوەى ماوەى سێ رۆژە ژینگەپارێزان بایکۆتیان راگەیاندووە.
لە رۆژى شەممەى رابردووەوە، کرێکارانى کۆمپانیاى شکار نەهاتوونەتەوە سەرکار و زبڵ و خاشاکى قەزاى دوکانیان کۆنەکردووەتەوە، بە وتەى ئازاد قادر، لێپرسراوى کۆمپانیاى شکار لە زۆنى دوکان، بە هۆکارى پێنەدانى موچە و شایستە داراییەکانیان، کرێکاران و کارمەندانى کۆمپانیاکەیان، بایکۆتیان راگەیاندووە.
وتیشی،”لەلایەن حکومەتی هەرێم مانگانە وەک پێویست شایستە داراییەکانمان بۆ خەرج ناکرێت، بۆیە ئێمەش ناتوانین موچەى کرێکارانی کۆمپانیاکەمان دابین بکەین”.
لەسەر ئەو کێشەیە، 964 پەیوەندی بە سەروەر ساڵح، سهرۆكى شارهوانیى دوکان کرد، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو لێدوان بدات.
لەبەر ئەوەى قەزاى دوکان ناوەندێکى گەشتیارییە، بە وتەى رێژین رەئوف، بەڕێوەبەری گەشتو گوزاری دوکان، کە بۆ 964 قسەى کردووە، کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاک لە شوێنە گەشتیارییەکاندا سیمایەکی ناشیرین پیشانى گەشتیاران دەدات.
“ئەگەر چەند رۆژێکی بایکۆتى ژینگەپارێزان بەردەوام بێت، وەک گەشتوگوزار بە هاوکاری شارەوانی، شوێنە گەشتیارییەکان پاکدەکەینەوە”، بەڕێوەبەرى گەشتوگوزارى دوکان واى وت.
964 دەزانێت، رۆژانە زیاتر لە یەک تۆن زبڵ و خاشاک لە قەزاى دوکان کۆدەکرێتەوە.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح