بێکاریت؟
زانکۆى سۆران هەلیکارت بۆ دەدۆزێتەوە
964+
ئاکام غەفور-سۆران
زانکۆی سۆران بە هەماهەنگی کۆمپانیایەکى کەرتى تایبەت و حکومەتى هۆڵەندی، پرۆژەی رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ خوێندکاران و دەرچووانى زانکۆ دەڕەخشێنێت،
ئەمڕۆ دوشەممە، بە ئامادەبوونى کونسوڵى گشتى هۆڵەندا لە هەرێمى کوردستان و کۆمیانیاى (ویدوو)ى هۆڵەندى، ناساندن و کردنەوەى پڕۆژەى رەخساندنى دەرفەتى کار بۆ گەنجان لە زانکۆى سۆران دەستى پێکرد، کە تێیدا راهێنان بە خوێندکاران دەکەن لەسەر چۆنیەتی دۆزینەوەی کار و چۆنیەتی مامەڵەکردن لە بازار.
د.شێروان شەریف، سەرۆکی زانکۆی سۆران بە 964ـی وت، “دەمانەوێت لە رێگەى ئەو پڕۆژەیەوە گەنج بە بازاری کار ببەستینەوە، چونکە زۆر جار خوێندکار زانکۆ تەواو دەکات، ناتوانێت سوود لەو زانستە زۆرە وەربگرێت کە بەدەستی هێناوە”.
“پڕۆژەکە بە شێوەیەکى پڕاکتیکى ئەنجام دەدرێت کە تێیدا گەنجان فێر دەکرێن چۆن بتوانێت کارىان دەستبکەوێت، بەتایبەت لەڕووى لێهاتوویى زمانەوانى و کارامەیى لە گفتوگۆ و چۆنییەتى مامەڵەکردن لە بازاڕ و چۆنییەتى نوسینى سیڤى”، سەرۆکى زانکۆى سۆران واى بە 964 وت.
بەوتەى ڤینۆس موشیر، بەڕێوبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆی سۆران کە بۆ 964 قسەى کردووە، راستە پڕۆژەکە لە زانکۆى سۆران دەستیپێکردووە، بەڵام گرنگى زۆر بە ناوچەکە دەبەخشێت، چونکە وەک خۆى دەڵێت: هەلیکار لە سۆران کەمە.
بەیار شەریف، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى ویدوو لە عێراق، قسەى بۆ 964 کردووە و وتى،”پڕۆژەکە لە ژێر ناوى دامەزراندنى گەنجانە لە هەرێمى کوردستان، ئێمە لایەنى جێبەجێکارین و حکومەتى هۆڵەندا پاڵپشتى دارایى پڕۆژەکەیە”.
ئاشکراى دەکات، نزیکەى 30 کۆمپانیاى جیاواز وەک هاوبەش لە پڕۆژەکەدا بەشدارى دەکەن و لە رێگەى ئەو کۆمپانیایەوە هەڵسەنگاندن بۆ تەواوى بازاڕ و خواستنى بازاڕ دەکرێت، بۆ ئەوەى بزانرێت بازاڕ و کۆمپانیاکان پێویستییان بە چ توانایەکە و لە چ بوارێکدا پێویستیان بە کارمەندە.
“راهێنان بۆ پڕۆژەکە لە 1.3.2024 دەستپێدەکات و سێ مانگ بەردەوام دەبێت، دواتر بەشداربوون وەک راهێنان و لایەنى ئەزموونى بەسەر کۆمپانیاکان دابەشدەکرێن و لەو رێگەیەوە زۆربەیان هەلیکاریان دەستدەکەوێت”، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیا ویدوو، واى بە 964 وت.
بەپێى بەرنامەى کۆمیانیاکە بۆ پڕۆژەکە، بەشدار بووان لەسەر بنەماى ئەو بەشانەى تێیدا دەخوێنن یان ئەو بابەتەى تێیدا شارەزان و ئەو کارە خۆبەخشیانەى ئەنجامیانداوە، وەردەگیرێن کە 60% بۆ رەگەزى نێرەو 40% بۆ رەگەزى مێیە.
وەک بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاکە باسى دەکات، ئامانجییان لەو کارە پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەیە لە نێوان زانکۆ و بازاڕ دروست بووە، تا لەو رێگەیەوە دەرچووانى زانکۆ بخەنە سەرکار.
964 دەزانێت، ئەو پرۆژەیە لە چوار زانکۆی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە پێکدێن لە زانکۆی سۆران، زانکۆی سەڵاحەدین، زانکۆی تیشک، زانکۆی کوردستان.
ویدوو، کۆمپانیایەکى هۆڵەندى خزمەتگوزارى فێرکارى و راوێژکارییە لە عێراق و لە ساڵى 2020 لە عێراق دامەزرێنراوە.
هاوکات لە 30ـی کانوونی دووەمی 2024، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆی سۆران و رێکخراوى ویدوو واژۆ کرا.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح