ئاگاداری پێنج مەترسی بن
دەزگای کۆنتڕۆڵ: دەرمانە ئۆنڵاینەکان دوور لە هەموو مەرج و رێنماییەکان
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەو دەرمانانەی، لە پەیج و شوێنە نافەرمییەکان بە بازاڕ دەکرێن دوورن لە هەموو مەرج و رێنمایی و یاسایەک بۆ سەلامەتی گەیشتنی دەرمان بە دەستی نەخۆش، ئەمە قسەی دەزگای کۆنتڕۆڵ و کوالێتی دەرمانە لە هەرێمی کوردستان.
جگە لە خستەڕووی پێنج مەترسی، دەزگاکە ئەمڕۆ شەممە 10.2.2024 لە بڵاوکراوەیەکدا کە وێنەیەکی گەیاندووە بە 964 دەشڵێت، ئەو شێوازی ساخکردنەوەیە بە هیچ شێوەیەک گەرەنتی زۆرترین سوود و کەمترین زیانی لاوەکی نادەن، دەکرێت دەرمانێکی ساختە، ناستاندارد، یان پەسەندنەکراو بن، ئەمەش دەتوانێت سەلامەتی تۆ بخاتە مەترسییەوە کە لە ئەنجامدا زیانی گەورە بە تەندروستیت بگەیەنن.
ھاوڵاتییان ئاگاداردەکەینەوە کە خۆتان لە کڕینی دەرمان بەشێوەی ئۆنلاین بە دوور بگرن، مەکەونە ژێر کاریگەری رێکلام و پروپاگەندەی ھەڵبەستراو و نازانستیەکانیان، تەنیا لە دەرمانخانەکان ئەو دەرمانانە بکڕن کە یاسایین و ستیکەری دژە ساختەی تایبەتی (KMCA) لەسەرە، دەزگاکە وا دەڵێت.
ئەو مەترسیانە چین، کە نابێت دەرمان لە رێگای ئۆنڵاین بکڕین:
1-ناتوانیت دڵنیابیتەوە لەوەی کە دەرمانەکە چۆن و لەکوێ دروستکراوە.
2- دەرمانێک کە بەشێوەی ئۆنڵاین دەکڕدرێت، لەوانەیە هیچ پێکهاتەیەکی چاڵاکی تێدا نەبێت.
3- هیچ رێگایەک نیە بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە بە شێوازێکی زانستی و دروست کۆگا کرابێت.
4-ناتوانین ئەوە بزانین کە دەرمانەکە تاقی کراوەتەوە و پەسەند کراوە بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ.
5- زۆرجار زانیاری هەڵە و بانگەشەی سروشتی بوون و گەرەنتی کردن دەدرێت.