لە جۆرى کالیبتۆس
لە سەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود ژمارەیەک دار بڕدرانەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا
بەهۆی دروستکردنی یەکتربڕی حەپسەخانی نەقیبەوە، شارەوانی سلێمانی ژمارەیەک داری کالیبتۆسی بڕیەوە.
بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە 964 وت،”لە گەڕەکی رزگاری زیاد لە 500 داریان هەڵگرتوەتەوە و دووبارە لە نەمامگەی سەرچنار و پارکی ئازادی و چەند جێگەیەکەی دیکە ڕواندویانەتەوە بۆ ئەوەی دور بن لە فەوتان”.
بەوتەى بەهرۆز سالار، جگە لە هەڵگرتنەوەى ئەو دارانە ژمارەیەک دار کە لە جۆرى کالیبتۆس بون بڕیویاننەتەوە، پاساوەکەشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەڕێوەبەرایەتى باخچەکانی سلێمانی ئەو جۆرە دارە لە شەقامەکان ناڕوێنێت و سیمای شۆستە و شەقامەکان و ئاوى زۆریشى پێویستە.
بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی ئاشکراشى کرد، کارکردن لە دروستکردنی یەکتربڕی حەپسەخانی نەقیب دەستیپێکردووە و دەشڵێت: پێویست دەکات ئەو دارەنەی رێگرن لەبەردەم کارکردنی تیمەکان لاببرێن.
پێشتریش، سەروەر وەیسى کەریم، لێپرسراوى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى ئەندازەى پارکەکانى هەولێر، لەبارەى دارى کالیبتۆسەوە بە 964ى وتبوو،”ئاوى زۆر دەوێت و بڕیار دراوە لەناو شارەکان نەچێنرێت”.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح