ژینگە پارێزان نیگەرانن

بڕیاردرا بە کارکردنەوەى غەسالەکان لە رووبارى سیروان

964+

وریا فەتاح

ئیدارەى گەرمیان بڕیاریدا بە دووبارە دەستپێکردنەوەى کارکردنى غەسالەکانى سەر رووبارى سیروان، ئەوەش دواى دوو ساڵ لە وەستانى کارەکانیان بەهۆى ناڕەزایەتى ژینگەپارێزانى گەرمیانەوە.

چۆمان ئەحمەد، بەرێوەبەرى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى ئیدارەى گەرمیان بە 964ى وت،”لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئیدارەى گەرمیان لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریانداوە بە دووبارە دەستپێکردنەوەى کارکردنى کانەکان (غەسالەکانى چەو لم) لە رووبارى سیروان”.

به‌پێی بڕیاره‌كان بۆ كارکردنی كانەکان، خاوەن کانەکان دەبێت كه‌ساره‌ دابنێن، بەشێوەیەک به‌ڕێژه‌ی (50٪ مه‌وادی سروشتی واتا چەو و لمى ناو روبارى سیروان و 50٪ی سه‌ره‌به‌رد) به‌كاربهێنن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ نادرێت له‌ناو رووباری سیروان كاری هه‌ڵگرتنی مه‌واد ئه‌نجامبدرێت و دارستانە سروشتییەکان لەناو ببرێن و دار ببڕنەوە.

بەپێى قسەى وتەبێژى ئیدارەى گەرمیان، لیژنەیەک پێکهێنراوە و چاودێرى کارکردنى غەسالەکان دەکەن و شوێنیان بۆ دیارى دەکرێت و نابێت سەرپێچى ئەو بڕیارانە بکەن، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن و مۆڵەتیان لێوەردەگیرێتەوە.

ئاراس محەمەد، یەکێک لە رێکخەرانى کەمپینى رێکخستنەوەى رووبارى سیروان بە 964ى وت،”دوو ساڵ فشارمان کرد تا لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیشتنە ئەو بڕوایەى کە دەبێت کارگەکان دابخرێن، ئەوەش بە کۆنوسێک بڕیارى لەسەردرا و هەمووان واژۆیان کرد کە دووبارە کارکردنى غەسالەکان دەستپێنەکاتەوە، بەڵام ئێستا بە بڕیارێک پشتیان لەو کۆنوسە کردووە”.

لاى خۆیەوە ئەیاد محەمەد، یەکێکى تر لە رێکخەرانى کەمپینەکە قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: دووبارە دەستپێکردنەوەى ئیشى غەسالەکان مەترسییە بۆسەر ژینگەى گەرمیان، چونکە بە شاهێدى هەمووان لە ماوەى ئەو دوو ساڵەى کارکردنى غەسالەکان راگیرابوو، ژینگە و سەوزایى رووبارى سیروان گەشەکردنى گەورەى بەخۆیەوە بینی بوو.

هەرچى ئیدارەى گەرمیانیشە، لە 964ـەوە دڵنیایى دەدات، ئەو بڕیارانەى داویانە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەى ئیشى غەسالەکان، جێبەجێکردنەکەى خزمەتە بە ژینگەى رووبارى سیروان نەک دروستکردنى مەترسى لەسەرى.

تا ئێستاش ئاوى سیروان فریادڕەسى كه‌لاره‌

تا ئێستاش ئاوى سیروان فریادڕەسى كه‌لاره‌