پسپۆڕێك: مه‌ترسی خێرا كه‌مبوونه‌وه‌ى له‌سه‌ره‌

تا ئێستاش ئاوى سیروان فریادڕەسى كه‌لاره‌

964+

میلاد جەلال – کەلار

رووباری سیروان بەتەنیشت قەزای کەلاردا تێدەپەڕێت، نەیھێشتووە دابەشکردنی ئاوی ماڵان و کشتوکاڵ لە قەزاکە پەکی بکەوێت، به‌ڵام پسپۆڕێک دەڵێت، مەترسی خێرا کەمبوونی ئاوی ئه‌و رووباره‌ ھەیە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کەلار، بۆ پێدانی ئاوی پاك بۆ ماڵان رووبارى سیروانى وه‌ك سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى به‌كارهێناوه‌، كه‌    ئەمەش وایکردوە، جیاواز لە شارەکانی دیكه‌ بەتایبەت لە ھاویناندا گرفتی دابەشکردنی ئاو لە قەزاکە نەبێت.

%70ی دابەشکردنی ئاوی ماڵان پشت بە رووباری سیروان دەبەسترێت، بەپێی قسەی بەڕێوەبەری ئاوی کەلار.

سامان رەحیم، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار بە964ـى وت، 29 ھەزار ھاوبەشی ئاویان ھەیە، ھیچ گرفتێکی دابەشکردنی ئاو لە قەزاکە نیە.

وتیشی “رۆژانه‌ کاتژمێرێک ئاو بەسەر ھاوڵاتیان دابەش دەکرێت”.

جگە لە پێدانی ئاوی ماڵان، جوتیارانی کەلاریش پشت بە رووباری سیروان دەبەستن بۆ کشتوکاڵکردن.

سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەلار بە964ـى وت “رووباری سیروان سودێکی زۆری ھەبووە بۆ جوتیارانی ناوچەکە لە رێگەی دروستکرنی ناعور و ترۆمپاوە ئاودێری زەویەکانیان دەکەن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنورەکە زیاتر لە سێ ھەزار دۆنم زەوی کە نزیک رووبارەکەن بەراو بوونە و بەشێوەیەکی باشتر سود لە رووبارەکە وەردەگرن، داواشیانکردوە کە پرۆژەی ئاودێری گەورە لە کەلار ئەنجام بدرێت.

لەبەرامبەریشدا، پسپۆڕێکی سەرچاوەکانی ئاو و ژینگە باس لەوەدەکات، ساڵانی داھاتوو مەترسی کەمبوونی ئاوی رووباری سیروان ھەیە.

عەبدولمتەلیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕ لە سەرچاوەکانی ئاو و ژینگە، بە964ى وت “بەھۆی دروستکردنی ئەو بەنداوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاوی رووباری سیروان کەمیکردوە، لەدوای ساڵی 2030 مەترسی ھەیە زۆر بەخێرایی ئاوی رووباری سیروان کەم بکات”.

باسی لەوەشکرد، کەمبونی ئاوی رووبارەکە مەترسی لەسەر کوالێتی ئاوەکە دروستدەکات و رێژەی پیسایی تێیدا زیاد دەبێت، ئەوکاتەش مەترسی ھەیە کە راستەوخۆ بۆ کشتوکاڵ بەکاربھێنرێت، دەبێت ئەو ئاوەڕۆیەی دەکرێتە رووباری سیروانەوە لە پێشدا پاڵاوتنی بۆ بکرێت”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن