کەی تەواو دەبێت؟
بەرزە پردی حەپسەخانی نەقیب لە سلێمانی چووە بواری جێبەجێکردنەوە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بەرزەپردی حەپسەخانی نەقیب لەسەر شەقامی مەلیک مەحمود لە شاری سلێمانی دروستدەکرێت و بڕی پێنج ملیار و 728 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.
پڕۆژەکە لە لایەن کۆمپانیای خۆرەتاو لە ماوەی 360 رۆژدا بە سەرپەرشتی شارەوانی سلێمانی جێبەجێ دەکرێت.
هێمن ئەحمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە 964ـی راگەیاند، بە تەواوبوونی ئەو بەرزەپردە هەردوو بەری سلێمانی لەناو شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود و دەرەوەی شەقامەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
بەرزەپردەکە کەوتووەتە شەقامی حەپسەخانی نەقیبەوە لە نزیک تراییە کۆنەکە و پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی.
ئەو ئەندازیارە وتیشی، “قەرەباڵغییەکی زۆر هەیە لەسەر ئەم شەقامە و یوتێرنێک هەیە کە بووەتە کێشە بۆ سووڕانەوە، بە دروستکردنی بەرزەپردەکە ئەو قەرەباڵغییە نامێنێت و یوتێرنەکەش لە بەرزەپردەکەدا دروستدەکرێتەوە”.
جگە لەو بەرزەپردە، لە ئێستادا سێ ئەندەرپاس لە ناو شاری سلێمانی کاریان تیادا دەکرێت، دوانیان لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمودن و یەکێکیشیان لەسەر شەقامی هەواری شارە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی