شۆفێرەکە دەستگیر کرا
ئۆتۆمبێلێک خۆی کرد بە ناو خۆپێشاندانی مامۆستایانی ناڕازیدا
+964
کامیار کەمال – پێنجوێن
لە کاتی خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازیدا لە پێنجوێن، ئۆتۆمبێلێک خۆی بەناو مامۆستایاندا کرد و ئاڵۆزی دروست کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2.7.2023 لە کاتێکدا دژی بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزای پێنجوێن مامۆستایان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا لەبەردەم پەروەردەی قەزاکە و بۆ خوێندنەوەی بەیاننامە بە رێپێوان چوونە بەردەم قەیمقایەتی قەزاکە، لە کاتی خوێندنەوەی بەیاننامەکەدا ئۆتۆمبێلێک خۆی کرد بە ناو مامۆستایانی ناڕازیدا.
لەوبارەیەوە، عەبدولڕەحمان خالید، پارێزەری خۆبەخشی مامۆستایان بە 964ی راگەیاند، ئەو کەسە هەر دانیشتووی قەزای پێنجوێنە و لەو کاتەدا حاڵەتێکی دەروونی بۆ دروستبووە و بەهۆی ئەوەی دایکی نەخۆش بووە و ئەو کارەی ئەنجامداوە.
وتیشی، هەوڵیانداوە کە کێشەکە نەگاتە دادگا و بە داوای لێبوردنێک لە مامۆستایان، کێشەکە چارەسەر بکرێت، بەڵام ئامادە نەبووە داوای لێبوردن بکات و مامۆستایانیش بڕیاریانداوە سکاڵا تۆمار بکەن.
ئەو پارێزەرە رەتیکردەوە ئەو کەسە بە مەبەست یان بە هاندانی کەسێک یان لایەنێک ئەو کارەی کردبێت، بەڵکو لە تاو نەخۆشیی دایکی و گرتنی رێگا لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە کارەکەی کردووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا