لەسەر ئاستی پارێزگاکان چۆنە؟

بەرگری شارستانی لە بەرزی نهۆمی چەندی بیناکان توانای کۆنتڕۆڵکردنی رووداوی هەیە؟

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

توانای بەرگری شارستانییەکانی هەرێم بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رووداوە نەخوازراوەکان لە بەرزیدا جیاوازە، لە هەڵەبجە تا نهۆمی چواری باڵەخانەکان دەتوانن و لە هەولێریش تا نهۆمی 12.

کاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، ئەو کەرەستە و ئامێرانەی کاری پێدەکەن و بەکاری دەهێنن بۆ بەرزی 12 نهۆمی باڵەخانەکان دەبن.

هەرچی پارێزگای دهۆکە، بە وتەی بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک کە قسەی بۆ 964 کردووە، دەتوانن تا نهۆمی شەشی باڵەخانەکان کۆنتڕۆڵی رووداوە نەخوازراوەکان بکەن.

بەڵام لە سلێمانی بارودۆخەکە جیاوازترە.

ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە 964ی وت، “کەرەستە و پەیژەی پێویستمان لەبەردەستە بۆ هەر بەرزییەک کە رووداوی نەخوازراو رووبدات و دەتوانین بگەینە سەری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی”.

لە هەڵەبجە توانای بەرگری شارستانی و کەلوپەلەکانی کەمترە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن لە پارێزگاکە تا ئێستا باڵەخانەکان لە شەش نهۆم زیاتر دروست نەکراون.

زانیار عومەر، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “کەلوپەل و پەیژەکانمان تا نهۆمی چواری باڵەخانەکان بەکاردێن”.

وتەبێژی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی جەختیان لەوە کردەوە، “ئێمە لە کاتی پێدانی مۆڵەت بە باڵەخانەکان، لە کاتی جێبەجێکردندا و لە کاتی تەواوبوونیشدا چاودێریان دەکەین و ئەگەر مەرجەکانی بەرگری شارستانیان جێبەجێ نەکردبێت مۆڵەتیان پێنادەین”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی