دەست لە کتێبە پیرۆزەکانیش ناپارێزن

هەر ئەوەندەی چاو غافڵ بکەیت قورئانێک دزراوە

+964

دیلان محەمەد جەزا

لە سلێمانی هەندێ کەس پەیدابوون لای کتێبفرۆشەکان قورئان دەدزن، کتێبفرۆشێک دەڵێت ”هەر ئەوەندەی چاوت لێنەبێت قورئانێک دزراوە”.

پەیامنێری 964 لەناو بازاڕی سلێمانی لە سێ کتێبفرۆشی پرسی راستە دەڵێن قورئان دەدزرێت، هەرسێکیان وتیان بەڵێ.

کارۆخ ئاوات، لەبەر دەرکی سەرا لەسەر مێزێک کتێب دەفرۆشێت بە 964ی وت، دیاردەی دزینی کتێبی ئایینی و قورئان زیادیکردووە و ئێستا کتێبی ئاسایی نادزرێت.

کارۆخ دەڵێت: “هەرئەوەندەی چاوت لێنەبێت قورئانێک دزراوە، بەڵام تا ئێستا لایەنی پەیوەندیدارمان ئاگادار نەکردووەتەوە”.

لەلای کارۆخ مانگانە نزیکەی چوار بۆ شەش قورئان و کتێبی ئاینی دزراون، ناشزانێت بۆچی زیاتر ئەو کتێبانە دەبردرێن.

لەبەر دەرکی سەرای سلێمانی ژمارەیەک زۆری کتێبفرۆش هەن کە بەتەنیشت یەکەوە کتێب دەفرۆشن، ئەمانە حاڵیان بەدەست ئەم کتێب دزینەوە باش نییە.

رێبین ره‌فیق یەکێکی ترە لە کتێبفرۆشەکان بە 964 وت ”لە ساڵانی رابردودا دیاردەی دزینی کتێب زۆر بوو، دەبوایە زۆر ئاگاداربین، بۆ ئەوەی کتێبمان لێ نەدزرێت، بەڵام ئێستا کەس ئەو کارە ناکات، یان زۆر كه‌م بووه”‌.

رێبین پێی وایە زۆربوونی کتێبی ئەلکترۆنی وایکردووە ئەوانەی ئەو کارەیان دەکرد ئێستا نەیکەن.

ئەم حاڵەتە زیاتر لای ئەو کتێبفرۆشانە هەیە کە لەسەر مێز کتێب دەفرۆشن، پەیامنێری 964 لە چەند دوکاندارێکی کتێبفرۆشی پرسی، ئەوان وتیان لەبەر ئەوەی کامێرایان هەیە شتی وا شک نابەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

کەمتر لە 15 هەزار کەس سەردانی کتێبخانەی گشتی سلێمانییان...

کەمتر لە 15 هەزار کەس سەردانی کتێبخانەی گشتی سلێمانییان کردووە