بەرپرسی ئێرانی و کۆمپانیای چینی تێدایە
گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر چەند کەس و کۆمپانیایەک سەپاند
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاندووە، لەرێگەی نوسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی (OFAC) سزای بەسەر چەند بەرپرسێکی ئێرانی و کۆمپانیایەکی چینی سەپاندووە کە بەرهەمهێنەری کەرەستەی موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (UAV) بوون.
بەپێی راگەیەنراوەکە، ئێران لەرێگەی ناوەندی توێژینەوەی پیشەسازی فڕۆکەوانی شەهید (SAIRC) فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەرهەمهێناوە، چەند بەرپرسێکی ئێرانی خراونەتە ناو لیستی سزاکەی گەنجینەی ئەمریکا ئەوانیش حەمید دەهقان، پشتەزان کاڤۆش و گۆستار بۆشرا بوون، ئەو سێ بەرپرسە پەیوەندی نێوان کۆمپانیاکانی هۆن کۆنگ و سوپای پاسدارانیان رێکخستووە.
گەنجینەی ئەمریکا لەپاڵ ئەو سێ بەرپرسە ئێرانییە، چەند کۆمپانیایەکی لە هۆن کۆنگ خستووەتە لیستی سزاکانی کە بە سەدان ملیۆن دۆلار کەرەستەیان فرۆشتووەتە سوپای قودس و سوپای پاسداران.
گەنجینەی ئەمریکا، بەگوێرەی بڕیاری (E.O.) 13382 ئەو بەرپرسە ئێرانی و کۆمپانیایەی خستووەتە لیستی سزاکانی.
کۆمپانیای (FYIT) کە بنکەی سەرەکی لە هۆن کۆنگە بزوێنەری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و کەرەستەی دەیکەی بە بەهای ملیۆنان دۆلار بە سوپای پاسداران فرۆشتووە و خراوەتە ناو لیستی سزاکان.
کۆمپانیای (Duling Technology) کە بنکەکەی لە هۆن کۆنگە، تۆرباین و چەندین کەرەستەی دیکەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان فرۆشتووەتە سوپای پاسداران کە راستەوخۆ لەرێگەی حەمید دەهقان و مەهدی ئیبراهیم زادە وەک بەڕێوەبەر بەو کارە هەڵساون.
کۆمپانیای (Advantage Trading) کە ئەوەشیان بنکەی سەرەکی لە هۆن کۆنگە، کەرەستە و پێداویستی ئەلیکترۆنی بۆ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەرهەمهێناوە کە لاسایی هەمان تایبەتمەندی ئەمریکیان کردوەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەوان لە 15ی تشرینی دووەمی ساڵی 2021 ناوەندی توێژینەوەی پیشەسازی فڕۆکەوانی شەهید (SAIRC)ی ئێرانیان خستووەتە لیستی سزاکان چونکە، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی شەهید-136ی فرۆشتووەتە روسیا و ئەوانیش دژی ئۆکراین بەکاریانهێناوە.
لە راگەیەنراوەکەی گەنجینەی ئەمریکا ئەوەش هاتووە، کۆمپانیای نەوتی چینی (COPC) هەماهەنگی دارایی لەگەڵ سوپای پاسداران هەبووە بۆ بازرگانی.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، هەموو ئەو کەس و کۆمپانیایانەی ناویان لەناو راپۆرتەکە هاتووە دەچنە ناو خانەی ئەو سزایە، ئەو کۆمپانیا و کەسانەشی بەڕێژەی %50 زیاتر پشکیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە هەبێت سزاکە دەیانگرێتەوە.