بۆ کاریان نەماوە؟

کاسبکارانی ژێر پردەکەی سلێمانی گلەییان هەیە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

نۆژەنکردنەوەی ژێرپردەکەی سلێمانی نیگەرانی کاسبکارانی ئەو شوێنەی لێکەوتووەتەوە، چونکە دەڵێن 40 رۆژە شوێنی ئیشوکاریان نەماوە و ناشتوانن لە بەردەم دوکانەکان کاری خۆیان بکەن.

ژێر پردەکەی سلێمانی شوێنێکی بەناوبانگ بوو، بەشێکی زۆری پەلەوەر و ئاژەڵی زینەی لێبوو و رۆژانە هاوڵاتیان روویان تێدەکرد و رۆژانی هەینیش ژێرپردەکەی سلێمانی زۆر قەرەباڵغ بوو.

کاروان قاسم، کە ماوەی 15 ساڵە لە ژێر پردەکە پەلەوەری کوردی دەفرۆشێت قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “بەداخەوە ئیشوکارمان لێتێکچووە و کارمان نەماوە، ناهێڵن لەژێر پردەکە بووەستین بەهۆی ئەو نۆژەنکردنەوەیەوە و ناشتوانین لەبەردەم دوکانەکان بووەستین چونکە ئەوانیش کرێیەکی زۆر دەدەن و کاری خۆیان دەکەن”.

شارەوانی سلێمانی ماوەیەکە سەرقاڵی نوێکردنەوە و بۆیاخکردنی پرد و ئەندەرپاسەکانی سلێمانییە و نۆژەنکردنەوەی ئەو پردەی ناوبازاڕیش لە هەمان پڕۆسەدایە.

پێشین محێدین،  لەژێر پردەکە هێلکەی کوردی دەفرۆشێت ئەو بە 964ـی راگەیاند، ماوەی 40 رۆژە ئەو پردە نۆژەن دەکەنەوە و زۆر بە سستی کاری تێدا دەکەن و ماوەیەکی زۆر پێوەی خەریک بوون، لەکاتێکدا خەڵکێکی زۆر ژیان و بژێوی لەم شوێنەدا هەیە.

لای خۆیەوە زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو پردەش وەک ئەوانی دیکەی ناوشار نۆژەن دەکرێتەوە و سیمایەکی جوانی پێدەدرێت.

سەبارەت بە گلەیی خاوەن کارەکانی ژێر پردەکەش وتی، “ئێمە رۆژی یەکشەممە لەگەڵ ئەندازیاری کارەکە دەچینە ژێرپردەکە و لەوێ قسە دەکەین و لە ئێستادا هیچ لێدوانێکمان نییە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی