رێگەی سەرشاخی بەرانان لە تانکەر قەدەغەکرا
میدیازان- هونەر فارس- گەرمیان
بۆ پاراستنی سەلامەتی شۆفێران و هاووڵاتییان، قایمقامی دەربەندیخان بڕیاری قەدەغەکردنی رێگەی سەر شاخی بەرانانیدا، لەمەودوا دەبێت ئەو تانکەرانەی نەفتا دەگوازنەوە لە رێگەی سەنگاو-ەوە، هاتووچۆ بکەن.
سلێمان سەعید قائیمقامی دەربەندیخان بە میدیازانی راگەیاند، بەشێک لەو تانکەرانەی نەفتا دەگوازنەوە شلەمەنیان لەسەر شەقامەکە لێ بەجێدەمێنێت و مەترسی خلیسان بۆ ئۆتۆمێلی دیکە دروست دەکات.
وتیشی، بڕیارەکە لە ئەمڕۆوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبێت لە رێگەی سەنگاوەوە بارەکانیان بگوازنەوە.
ئەم بڕیارەی قائیمقام دوای داخستنی تونێلی دەربەندیخان و گۆڕینی رێگەی هاتووچۆی شۆفێران لە رێگەی شاخی بەرانانەوە دێت.
ماوەی 16 رۆژە دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان و رێگەیەکی جێگرەوە بۆ تونێلەکە دانراوە، بەڵام لەو ماوەیەدا سێ جار رووداوی هاتوچۆ روویداوە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.