ئه‌مڕۆ بارسێلۆنا له‌ مه‌درید یاریی ده‌كات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ یارییه‌كی به‌هێزی لالیگای ئیسپانیا، بارسێلۆنا له‌ شاری مه‌درید ئه‌ركێكی قورسی هه‌یه‌ و رووبه‌ڕووی ئاتلێتیكۆ ده‌بێته‌وه‌.

له‌ یارییه‌كانی گه‌ڕی 16ی خولی پله‌ یه‌كی ئیسپانیا “لالیگا” ئه‌مڕۆ 8ـی كانوونی دووه‌م، یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ یاریگه‌ی واندا میترۆپۆلیتانۆ ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی ئاتلێتیكۆ مه‌درید.

یارییه‌كه‌ كاتژمێر 23:00 به‌ كاتی كوردستان ده‌ستپێده‌كات و بارسێلۆنا چاوی له‌ به‌ده‌ستهێنانی سێ خاڵه‌، بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازی خاڵه‌كانی له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید بكاته‌ سێ خاڵ، دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو ریال مه‌درید به‌ 1-2 گۆڵ به‌ یانه‌ی ڤیاڕیال دۆڕا.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ركی بارسێلۆنا ئاسان نییه‌، به‌ تایبه‌تی به‌بێ گۆڵكاره‌كه‌ی “لێڤاندۆڤسكی” یاریی ده‌كات، كه‌ له‌ لایه‌ن فیدراسیۆنی ئیسپانیا سزا دراوه‌، هه‌روه‌ها خۆردی ئه‌لباش یاریی ناكات.

چاڤیی راهێنه‌ری بارسێلۆنا له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌وه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دوێنێ شه‌ممه‌ وتی، “ئاتلێتیكۆ مه‌درید له‌ رووی به‌رگرییه‌وه‌ وه‌ك به‌ردن، سیمیۆنیی ده‌یه‌وێت هه‌مووكات تۆكمه‌ترین هێڵی به‌رگریی هه‌بێت”.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ یانه‌ی ئاتلێتیكۆ مه‌درید، كه‌ له‌ پله‌ی چواره‌می ریزبه‌ندییه‌ و 27 خاڵی هه‌یه‌، هه‌وڵده‌دات بردنه‌وه‌ تۆمار بكات و چانسی ئه‌وه‌ له‌ده‌ست نه‌دات پله‌ی سێیه‌م بگرێت، كه‌ ئێستا سۆسیداد به‌ 29 خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌مه‌.

دیێگۆ سیمیۆنی له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت، “هه‌موو پێیان وایه‌ وه‌ك یاریی كۆتاییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ یاریی داهاتووش كه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌لمیریایه‌، به‌ هه‌مان شێواز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین، لۆژیكی تۆپی پێی وایه‌ كه‌ هیچ یارییه‌ك له‌ یارییه‌كی دیكه‌ گرنگتر نییه‌”.

خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ:
ئه‌لمیریا – ریال سۆسیداد 16:00
رایۆڤاییكانۆ – ریال بێتیس 18:15
سێڤییا – خیتافی 20:30
ئاتلێتیكۆ مه‌درید – بارسێلۆنا 23:00.