هۆکارەکەی بزانە

بۆ ماوەی سێ رۆژ بەشێک لە گەڕەک و ناحیەکانی دوزخورماتوو بێ ئاو دەبن

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

فەرمانگەی ئاوی دوزخوماتوو هاوڵاتیانی سنوورەکە ئاگادار دەکاتەوە کە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەهۆی چاککردنەوەی بۆریەکی شکاوی سەرەکی ناو پڕۆژەی ئاوی قەزاکە، ئاو نادرێت بەهاوڵاتیان.

بەھۆی چاککردنەوەی بۆڕی سەرەکی گواستنەوەی ئاوی دوزخوماتوو، لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەشێک لەگەڕەکەکانی خورماتوو و هەردوو ناحیەی ئامرلی و سلێمان بەگ بێ ئاو دەبن.

ئیسماعیل مستەفا بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، ماوەی چوار مانگە بۆریەکی سەرەکی ناو پڕۆژەی ئاوی قەزاکە شکاوە و لەئێستاشدا رێژەی شکاویەکەی بەتەواوی ئاستی دابەشکردنی ئاوی سەرماڵانی قەزاکەی لاواز کردووە، بۆیە بڕیاریان داوە لەسەرەتای هەفتەی داهاتووە دەست بەچاککردنەوە و گۆڕینی ئەو بۆریانە بکەن.

وتیشی، لەرۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە دەست دەکەن بە چاککردنەوەی و تاوەکو رۆژی سێشەممە دەخایەنێت و لە رۆژی چوارشەممەوە دووبارە ئاو دەدرێتەوە بە هاوڵاتیان.

ئەو گەڕەکانەی کە ئاویان لێی دەبڕدرێت، بریتین لەهەریەکە لەگەڕەکەکانی، کۆماری، بنار، رزگاری، ئەق سۆ، سرور، حوسێن و هەردو ناحیەی ئامرلی و سلێمان بەگیش دەگرێتەوە.

بەرێوبەری فەرمانگەی ئاوی قەزاکە داواش لەهاوڵاتیان دەکات دەست بە ئاوەوە بگرن تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەکەن خۆڕاگربن تاوەکو رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، دوبارە ئاویان بۆ بەردەدرێتەوه.

پێداچوونەوە: توانا نەقی