لە ناحیەی مانگێش

400 داری بەرهەمداری دوو جوتیار لە رەگەوە دەرهێندراون

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

بە پێی قسەی دوو جوتیاری ناحیەی مانگێشی سەر بە قەزای ناوەندی دهۆک، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 400 داریان لە رەگەوە دەرهێندراون و زیانی زۆر بە باخەکانیان گەیەندووە.

حەسەن محەمەد مستەفا، خاوەنی یەکێک لە باخەکان بە 964ـی وت، “نزیکەی 150 ساڵە باب و باپیرەکانمان ئەم زەوییەیان بەکارهێناوە، دوو ساڵ پێش ئێستا چەند کەسێک لەم گوندەی خۆمان سکاڵایان کردووە و داوای زەوییەکە دەکەن، دواتر رۆیشتین بۆ دادگا و بڕیار درا کە زەوییەکان هی وەزارەتی داراییە و هەر یەکێک لە ئیمە بڕی سێ ملیۆن دینارمان دا وەکو غەرامە و وتیان تەواو برۆن ئیشی خۆتان بکەن”.

ئەو خاوەن باخە دەڵێت ئێستاش کێشەیان هەرماوە، “بەڵام نازانین کێ وای لە باخەکەمان کردووە و داوای دۆزینەوە و دەستگیرکردنیان دەکەین و سکاڵامان تۆمارکردووە”.

سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی مانگێش بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت: ئەو دوو جەوتیارە ئەمڕۆ سکاڵایان تۆمارکردووە و لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات.

زەوییەکە خۆی 500 دۆنمە و ئەو جوتیارانە ئەو دارانەیان لەسەر دوو دۆنم و نیو روواندووە.

ئەو دارانەی هەڵکەندراون قۆخ، هەنار، هەنجیر و چەند دارێکی بەرهەمداری تر بوون.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

ساڵانە لە دهۆک 34 هەزار تۆن زەیتون بەرهەم دەهێنرێت

ساڵانە لە دهۆک 34 هەزار تۆن زەیتون بەرهەم دەهێنرێت