دابەشکردنی نەوت لە چەمچەماڵ. وێنە :964
کێ وەری دەگرێت؟
لە چەمچەماڵ 100 لیتر نەوت به 15هەزارە
964+
هۆگرعەدنان – چەمچەماڵ
ئەو خێزانانەی فۆرمی خۆراکیان کەرکوکە و دانیشتووی چەمچەماڵن بڕی 100 لیتر نەوتیان پێدەدرێت بە 15هەزار دینار.
نەوتەکە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی سووتەمەنی کەرکوک دابین کراوە و کرێی گواستنەوەی نەوتەکە لەسەر بەڕێوبەرایەتیی سووتەمەنیی کەرکوکە، هاوڵاتی تەنیا بڕی 15هەزار دینار دەدات بۆ کڕینی نەوتەکە.
زیاتر لە 20 بۆ 30 هەزار هاوڵاتی بەلایەنی کەمەوە فۆرمیان کەرکوکە و دانیشتووی چەمچەماڵن.
تا ئێستا پسوڵەی ژمارە 1، 6، 9 نەوتیان پێ دراوە، هەرجارەو حکومەتی عێراق نەوت بە پسولەیەک دابەش دەکات، بۆ ئەوەی کەس کڕین و فرۆشتن بە پسوڵەکانەوە نەکات پێشوەخته، بۆیە بە ریزبەندی کار بە پسولەی نەوتەکان ناکات.
حەسەن محەمەد بەڕێوەبەری یەکەی سووتەمەنیی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، “ساڵانە حکومەتی عێراق کارتی زیرەک بۆ هاوڵاتیانی پارێزگاکانی سنووری خۆی دەردەکات، کارتەکە لە 12 بەش پێکهاتووە، لە ماوەی ساڵەکە سێ بۆ چوار جار نەوت دابەش دەکەن، 100 لیتر بۆ هەرخێزانێک بە بڕی 15 هەزار دینار، ئێستا پسولەی ژمارەی نۆ دابەش دەکرێت، خەڵکی دەتوانن بڕۆن لە چەند بەنزینخانەیەکی حکومیی کەرکوک نۆرە بگرن و وەری بگرن، هەر هاوڵاتیەکیش ئەگەر فۆرمی خۆراکی کەرکوکە و ماڵی لە چەمچەماڵە، نەوتەکەی بۆ دەهێنرێتەوە چەمچەماڵ، بەبێ ئەوەی کرێی لێ وەربگیرێت.
وتیشی، هەفتانە چەند تانکەرێک نەوت دەهێنرێت بۆ چەمچەماڵ، هەرجارەو دەینێرن بۆ گەڕەکێک و پێشوەخته لە رێگەی موختاری ئەو گەڕەکانەوە هاوڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە لە هاتنی نەوتەکە، ژمارەی ئەو کەسانەشی فۆڕمیان کەرکوکە زۆرن و نابێت قەرەباڵغی دروست ببێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی