ئێزیدییەکان بە چوار مەرج دەگەرێنەوە شنگال
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
ئێزیدییە ئاوارەکانی کوردستان چوار مەرجیان هەیە بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، ئەمەش وەک وەڵامێکە بۆ حکومەتی عێراق لەبارەی بڕیاری داخستنی کەمپەکان.
سەقامگیری ئەمنی، ئاوەدانکردنەوە، نوژەنکردنەوەی خانووە رووخاوەکان و شەقام و شوێنە گشتیەکان، پێدانی بڕێک پارە، ئەو چوار مەرجەن کە ئێزیدییەکان داوای دەکەن.
سەعد عەلی سلێمان، خەڵکی ناحیەی گرعوزێرە سەر بەقەزای شنگال، زیاتر لە هەشت ساڵە لە کەمپی خانکێ دەژێت بە 964+ـی وت “بێزاربووین لەژیانی کەمپ و دەمانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆمان بەڵام جگە لەو چوار مەرجە، داوای قەرەبوو دەکەین و دەبێت خزمەتگوزاری وەک ئاو، کارەبا و تەندروستی چاک بکرێتەوە.”
وتیشی، بەبێ جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە بەهیچ شێوەیەک ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لەبەر ئەوەی ئەو تاوانەی بەرامبەر شنگال کراوە زۆر گەورەیە و هێشتا هیچ شتێکی شایستە بۆ خەڵکەکەی نەکراوە.
پیر دیان جەعفەر، لێپرسراوی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان کەسەرپەرشتی هەموو کەمپەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکات، بە 964+ی وت “هێشتا هیچ نوسراوێکی فەرمی لە حکومەتی عیراق بەدەستمان نەگەیشتووە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و داخستنی کەمپەکان، تەنیا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق ڕاگەیاندوە، کە دەبێت لەماوەی شەش مانگی ئایندەدا ئاوارەکان بگەڕێنەوە، بەڵام ئاوارەکانی شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە چونکە هێشتا دوخی ناوچەکە لەڕووی ئەمنی و سەقامگیرییەوە پارێزراو نییە”.
پیر دیان جەعفەر زیاتر وتیشی “زیاتر لە چوار مانگە هیچ ئاوارەیەک نەگەراوەتەوە زێدی خۆی، چاوەریێ حکومەتی عێراق دەکەن کەئایا چ شتێک بۆ شنگال دەکەن، ئێمە هیچ ئاوارەیەک بە زۆر ناگەڕێنینەوە ئەوان ئازادن لە کوردستان دەمێننەوە یان دەگەرێنەوە ناوچەکانیان”.
ئاوارەکانی شنگال ونەینەوا لە 2014 وە لە دهۆک دەژین، ئێستا ژمارەی ئاوارەکانی ناوکەمپ 26 هەزار و 963 خێزانن، کە له 15 کەمپ دەژین، ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپ 38 هەزار و 225 خێزان، کۆی گشتی 65 هەزار و 188 خێزانه، بەپێی دوايین ئاماريش لەماوەی 8 ساڵی رابردوودا تەنیا لەسەدا 30ی ئاوارەکانی سنوری پارێزگای دهۆک گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.