رێگەی سەرەکی چوونە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی _ وێنە: 964
"سێ رۆژە گیریان خواردووە"
عەمرەکارانی مەدینە پێشنیوەڕۆ دەگەنەوە سلێمانی
964+
ئەحمەد مستەفا
کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراقی ئەو عەمرەکارە کوردانەی هەرێمی کوردستان کە گەڕانەوەیان دواکەوت، دەگەنەوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
بڕیار وابوو، پێنجشەممە ئەو عەمرەکارانە بگەنەوە بە فرۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، بەڵام راگرتنی کارەکانی کۆمپانیای “فڵای بەغدا” کە گەشتییان بۆ عەمرە پێی کردبوو، گەڕانەوەی ئەوانیشی دواخست.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28.1.2024، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەشی زانیاری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە 964ی وت، ئەو عەمرەکارانەی گیریان خواردبوو ئەمڕۆ سەرجەمیان کە خەڵکی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانن، دەگەنەوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
بە قسەی هەمان سەرچاوە بێت، فرۆکەیەکی تایبەت بە گەڕانەوەی عەمرەکارەکان دانراوە، لە بارەی ژمارەیانەوە ئاماژەی بەوەکرد، “ئەوان نازانن ژمارەیان چەند عەمرەکارە، چونکە فرۆکەیەکی تایبەت وەک هاوکاریی بۆ دۆخێکی نائاسایی دابینکراوە، بەڵام بێگومان ژمارەیان زۆر دەبێت”.
بەپێی سۆراغی 964، زیاتر لە 400 کەس بەهۆی سزادانی کۆمپانیای “فڵای بەغدا” لە گەشتی عەمرە گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان کێشەی بۆ دروستبووە، کە پێشتر کۆمپانیاکە هەفتانە دوو رۆژ لە سلێمانی و چوار رۆژ لە هەولێر گەشتی هەبووە.