لەماوەی 48 کاتژمێر ئەنجامەکان رادەگەیەنرێت

لەسەر هێرشەکەی کێڵگەی کۆرمۆر حکومەتی عێراق لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا

964+

فەهمی نەبی

خانەی راگەیاندنی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بەفەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر پێکهات و لەماوەی 48 کاتژمێر دەبێت ئەنجامەکانی رابگەیەنرێت.

ئەمڕۆ هەینی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە بە دروستکردنی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووەتە هۆی وەستاندنی بەرهەمهێنانی کارەبا.

سەرۆک وەزیرانی عێراق وتویەتی، رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو لایەنانە دەگیرێتەبەر کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە.

کاتژمێر 10:22ی شەوی پێنجشەممە، بەدرۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم، بەو هۆیەوە زیاتر لە 18 کاتژمێرە بەرهەمهێنانی غاز وەستاوە و لەگەڵیدا بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی کارەبای غازی هەولێر وەستا.

"بە توندى ئیدانەى هێرشکردنە سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر دەکەین"

"زیان بە بۆری غازی کۆرمۆر نەکەوتووە"