ئاسایش هەرێم لە 964ـەوە روونکردنەوە دەدات

بە تۆمەتى تیرۆر ژمارەیەک هاوڵاتی لە سنورى رانیە و قەڵادزێ دەستگیرکراون

964+

وریا فەتاح

لەماوەى دوو هەفتەى رابردوودا ژمارەیەک هاوڵاتى لە سنورى ئیدارەى راپەڕین دەستگیرکراون، کەسوکارەکانیان دەڵێن: نازانین بۆ دەستگیرکراون و لە کوێ زیندانین، ئاسایشى هەرێمیش بە 964ى وت،”ئەو کەسانە بە تۆمەتى تیرۆر دەستگیرکراون”.

رۆژى 10ى ئەم مانگە، لەیەکێک لە ناحیەکانى سنورى ئیدارەى راپەڕین، زیاتر لە سێ مێگزەمینى ئاسایش چواردەورى ماڵێک دەگرن و گەنجێک دەستگیر دەکەن، براى ئەو گەنجە کە ناوەکەى لاى 964 پارێزراوە، وتى،”لەو رۆژەوە براکەمیان بردووە، بەڵام نازانین بۆچى دەستگیرکراون و براون بۆ کوێ و هیچ سۆراغێکمان نیە و هیچیشمان پێناڵێن”.

عەقید سەلام عەبدولخالق، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە 964ى وت،”ئەو کەسانە بە فەرمانی دادوەر و بەپێى مادەى دووى تیرۆر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت، دواى لێکۆڵینەوە هەر کەسێک تۆمەتەکانى بەسەردا ساغ نەبێتەوە ئازاد دەکرێت”.

‎بەوتەى سەلام عەبدولخالق، ژمارەى ئەو کەسانەى دەستگیرکراون دیاریکراو نیە، بەڵام دەستگیرکردنەکەیان لەپێناو ئاسایش و ئارامییە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانیان بەردەوامە.

بەپێى بەدواداچوونەکانى 964 و کۆکردنەوەى زانیارى لە بەرپرسانى ئەمنى سنورى ئیدارەى راپەڕین، تائێستا زیاتر لە 25 کەس لە قەڵادزێ و ژاراوە و سەنگەسەر و چوارقوڕنە و رانیە، دەستگیرکراون کە ژن و کچ لەناو دەستگیرکراوەکاندان.

یەکێکى تر لە کەسوکارى دەستگیرکراوان کە دوو کەسیان لەناو دەستگیرکراواندان بە 964ى وت،”زۆر هەوڵمانداوە هۆکارى دەستگیرکردنیان بزانین، پەیوەندیمان بە هەموو لایەکەوە کردووە، بەڵام هەریەکە و قسەیەک دەکات، یەکێک دەڵێ لە ئاسایش دەستگیرکراون لە سلێمانى و یەکێکى تر دەڵێت لە زیندانى کانى گۆمەن، هەریەکە و قسەیەک دەکات و ئێمەش هیچ نازانین”.

دوو کەس بەتۆمەتی تیرۆر لە چەمچەماڵ دەستگیر کران

دوو کەس بەتۆمەتی تیرۆر لە چەمچەماڵ دەستگیر کران