دیمەنی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ _ وێنە: 964
"لەسەر سکاڵایەک چووەتە دادگا"
ساغکردنەوە؛ بەرپرسی پێشووی دەروازەی باشماخ دەستگیر نەکراوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
964 سۆراغی ئەو دەنگۆیەی کرد، کە باسی دەستگیرکردنی بەرپرسی پێشووی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخی دەکرد، دەرکەوت دەستگیر نەکراوە.
ئەو ناوی مەریوان کەمالە و بەرپرسی پێشووی دەروازەکە بووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە 964ـی وت، “مەریوان کەمال دەستگیر نەکراوە و تەنیا لەسەر سکاڵایەک کە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەردانی دادگای کردووە”.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سکاڵایەک لەسەر مەریوان کەمال تۆمار کراوە لە لایەن پزیشکانی قەزای پێنجوێنەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو پزیشکانە سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخیان کردووە بە شێوەیەکی فەرمی، بەڵام مەریوان کەمال رێگای پێیان نەداوە بچنە سەر ئەرکە ئیدارییەکانیان و پزیشکەکانیش سکاڵایان تۆمار کردووە.
مەریوان کەمال تا 21.9.2021 لە پۆستی بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخدا بووە و ئێستاش محەمەد تاهیر سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخە.
گومرگی باشماخ: دەتوانن بە هەموو جۆرە سەیارەیەک بچنە ئێران
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد