پێویسته رێژه‌كه‌یان 40% بێت
رێژه‌ى سه‌وزایی له نه‌خۆشخانه و سه‌نته‌ره‌كانى هه‌ولێر كه‌موكوڕی تێدایه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له‌هه‌ولێر پێشبڕكێ ژینگه‌یی ساڵانه بۆ نه‌خۆشخانه و سه‌نته‌ره‌كان ئه‌نجامدرا و ده‌ركه‌وت كه رێژه‌ى سه‌وزایی ئه‌م شوێنانه له ئاستى پێویستدا نییه و كه‌موكوڕییان هه‌یه.
پێشبڕكێیه وه‌ك پڕۆژه، بیرۆكه‌ى د. محه‌مه‌د حه‌سه‌ن، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بوو و بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بەڕێوە چوو.
رێبین ئه‌حمه‌د حه‌وێز، به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌ندازه‌ى پاڕكه‌كانى هه‌ولێر، كه یه‌كێك بوو له ئاماده‌بووان و به نوێنه‌رایه‌تى قایمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى هه‌ولێر به‌شداربوو، به 964ـى راگه‌یاند، ئاستى ژینگه‌یی ئه‌و ناوه‌ندانه له هه‌ولێر وه‌ك پێویست نییه و كه‌موكوڕى له رێژه‌ى سه‌وزاییاندا هه‌یه.
وتیشی “پێویسته نه‌خۆشخانه و سه‌نته‌ره‌كان پابه‌ندی جێبه‌جێكردنى رێژه‌ى 40%ـى سه‌وزایی بن، به‌ڵام له‌و شوێنانه‌دا ئه‌و رێژه‌یه به‌دی ناكرێت”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئه‌مساڵ یه‌كه‌مجاره ئه‌م پێشبڕكێیه ئه‌نجام ده‌درێت و پێشنیاریش كراوه، ساڵانه به‌رده‌وام بێت.