"بۆنی ناخۆش بڵاودەکەنەوە"
چی لەو کەسانە دەکرێت ئاژەڵی مردارەوەبوو لە بازیان فڕێدەدەن؟
964+
پێشەوا محەمەد
قایمقامیەت و تەندروستی بازیان هۆشداری بەو کەسانە دەدەن ئاژەڵی مردوو لەناو حاوییە و شوێنی فڕێدانی زبڵ فڕێدەدەن و دەڵێن، سزای قورسیان دەدەن.
ناوبەناو وێنەی مریشک و جوجکی مردارەوەبوو لەناو حاوییەکانی سلێمانی دەبیندرێت و دوێنێش وێنەی چەند مەڕێکی مردارەوەبوو لەناو حاوییەیەک بڵاوبووەتەوە.
ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، حاڵەتەکان زۆر نین، بەڵام جاروبار خەڵکانێک کە هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن ئەو کارە دەکەن و پێشتریش چەند دەواجینێکمان سزا داوە لەسەر ئەو کارە.
وتیشی، “کامێرای چاودێریمان هەیە، بەڵام زۆرینەی ئەو کەسانە شەوان ئەو کارە دەکەن، بزانین هەر کەسێکە زۆر بە قورسی سزای دەدەین”.
فڕێدانی ئەو ئاژەڵانە دوای چەند رۆژێک بۆنێکی ناخۆش بەو سنوورەدا بڵاودەکەنەوە کە لێی فڕێدراوە.
ئیسماعیل ئەمین، وتەبێژی تەندروستیی بازیان بۆ 964ـی روونکردنەوە، پێویستە ئەو ئاژەڵانە لە دووری ناوچەی نیشتەجێبوون فڕێبدرێن و بشخرێنە ژێر گڵەوە.
دەشڵێت، لەگەڵ قایمقامیەت هەماهەنگی دەکەن بۆ نەهێشتنی ئەو حاڵەتانە.