لە قەزای دوکان

خوێندکاران فێری کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوە دەکرێن

964+

بەرزان عوسمان – دوکان

بە مەبەستی خۆپارێزی و دروستکردنی هۆشیاری لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا، بنکەی بەرگریی شارستانی دوکان سیمینارێکی هۆشیاری بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانی پەیمانگای دوکان کردەوە.

سیمینارەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەیمانگای دوکان بەڕێوەچووە.

هێمن عەبدوڵا، راگری پەیمانگای تەکنیکیی دوکان بە 964ـی وت، “ئامانجمان لە ئەنجامدانی ئەو سیمنار و چالاکییە بۆ هۆشیارکردنەوەی خوێندکاران و ئەوانەیە کە چاودێریی بەشە ناوخۆییەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە کاتی حاڵەتی نەخوازراوی ئاگرکەوتنەوە خۆێندکاران نەشڵەژێن و بتوانن حاڵەتەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و خۆیان بپارێزن”.

پایمانگاکە چوار بەشی ناوخۆیی هەیە و 100 خوێندکاریان تێدایە و 12 چاودێریان هەیە.

وتیشی، “لە سەرەتای کردنەوەی دەوامی پەیمانگا لە رێگەی لیژنەیەکەوە کەموکوڕیی بەشە ناوخۆییەکانمان چارەسەر کردووە بۆ ئەوەی رووداوی نەخوازراو روونەدات و ساڵانەش سێ جار پشکنین بۆ بەشە ناوخۆییەکان دەکەین”.

پەیمانگای تەکنیکیی دوکان لە ساڵی 2004ـەوە دامەزراوە و لە پێنج بەش پێکدێت و لە ئێستادا زیاتر لە 900 خوێندکار لەو پەیمانگایە درێژە بە خوێندن دەدەن.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد