ئەمریکا دەڵێت: لەگەڵ یەمەن لەشەڕدا نین
964+
ژووری هەواڵ
بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند: دڵنیاین لە پرۆسەی تۆفانی ئەقسا هەندێ هەڵەو کەموکوڕی روویداوە، بەڵام ئەو هەنگاوە زۆر پێویست بوو بۆ ئەوەی ئیسرائیل دۆسێی فەلەستین لەناو نەبات.
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکی دەڵێت: ئێمە لەشەڕدا نین لەگەڵ یەمەن، ئەوەی کردوومانە بۆ ئەوەیە رێ لەتوندوتیژی حوسییەکان بگرین، دەشزانین ئەگەر ئێران نەبێت حوسییەکان ئەو کارەیان پێ ناکرێت.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە: جموجۆڵی چوون و گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل لە رێی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنە، مانگی تشرینی دووەم بەرێژەی 78% و لە مانگی کانوونی یەکەم بەڕێژەی 71% کەمی کردووە.
کەناڵی 12ی ئیسرائیل رایگەیاند: ئەمریکا داوای روونکردنەوەی کردووە لە ئیسرائیل سەبارەت بە تەقاندنەوەی باڵەخانەی زانکۆی فەلەستین لە غەزە.
بەپێی راپرسییەکی هەردوو زانکۆی تەلئەبیب و عیبری: 65%ی ئیسرائیلییەکان پاڵپشتی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی دەکەن لەلایەن سوپاوە بۆ سەر حیزبوڵای لوبنان، بۆ ئەوەی مەترسییەکان بڕەوێتەوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: لە رۆژی حەوتی ئۆکتۆبەرەوە 405 ئەفسەرو سەربازیان بە قورسی بریندار بوون، 692 سەربازیشیان برینەکانیان مامناوەنداوەو 1562 ئەفسەرو سەربازیش بە سووکی بریندار بوون.