دیاری و چایەکەی شەقڵاوە شیرینتر دەکەن

میدیازان – عەلی زەیتۆ – شەقڵاوە

ئەگەر چوویتە شەقڵاوە نابێت لای دیاری و چایخانەکەی لا نەدەیت و چایەک نەخۆیت، چونکە ئێستا چایخانەکەی سیمایەکی تری گەشتیاریی شەقڵاوەیە و بووەتە شوێنێکی دیاری ئەو ناوچە گەشتیارییە.

دیاری عەبدوڵڵا تەمەنی ٣٣ ساڵە و بە نەخشەسازییەکی کولتوورییانە و سادە چایخانەیەکی دروست کردووە و گەشتیاران بەرەو خۆی ڕادەکێشێت.

“حەوت ساڵ پێش ئێستا ئەم چاخانەیەم کردەوە، نەخشەسازییەکی جیاوازم لەوانی دیکە هەڵبژارد، سەرکەتوو بووم و ئەوانەی سەردانی شەقڵاوە دەکەن بێگومان دەبێت سەردانی من بکەن.” ئەمە وتەی دیاری بوو کە بۆ میدیازان قسەی کرد.

وتیشی: “سەرەتا هەوڵی چەند کارێکی ترم هەبوو و سەرکەوتوو نەبووم، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا ئەم چایخانە سەرچاوەی داهاتی خۆم و خێزانەکەمە.”

جوانیی دوکانەکە و شوێنەکەی وایان کردووە هاووڵاتییان و گەشتیاران چێژ لە سەردانیکردنی چایخانەکەی دیاری وەربگرن.

محەمەد ئەلعەزاوی، کە لەشاری دیالەوە وەکو گەشتیار هاتبووە شەقڵاوە و لە چایخانەکەی دیاری دانیشتبوو بۆ میدیازان قسەی کرد و وتی: “شێوازی دیکۆری چایخانەکە کە لە دار دروست کراوە و تامی ئەو چایە خۆشە و دانیشتن لە لێواری شەقامەکە وا دەکات زیاتر جیای بکاتەوە لە شوێنەکانی تر.”

چایخانەکەی دیار دەکەوێتە کۆتایی بازاڕی شەقڵاوە نزیک تێرمیناڵە کۆنەکە.