هێرشەکەی دیمەشق
ئەو بەرپرسەى سوپاى پاسداران کێ بوو کوژرا؟
964+
وریا فەتاح
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، دەنگى تەقینەوەیەکى بەهێز دیمەشقى پایتەختى سوریا هەژاند، بەپێى زانیارییە هەواڵییەکانیش، بەرپرسێکى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسداران و بەرپرسێکى گرووپە چەکدارییە عێراقییەکان کوژراون.
تەقینەوەکە لە گەڕەکى ئەلمەزە روویدا و وەک میدیا سورى و ئێرانییەکان باسى لێوە دەکەن، باڵەخانەیەکى نیشتەجێبوون بە ئامانجگیراوە.
بەپێى زانیارییەکانى ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز، کە لە سەرچاوەیەکى ئەمنى سوریاوە دەستیکەوتووە، هێرشەکە سوپاى ئیسرائیل ئەنجامیداوە و بەرپرسێکى سوپاى پاسدارانى ئێرانى کوژراوە.
ئاژانسى هەواڵى سوریا (سانا)ش، جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێرشەکە ئیسرائیل ئەنجامیداوە.
میدیاکانى سوریاش کوژرانى 4 کەسیان لە تەقینەوەکەدا پشتڕاستکردووەتەوە.
وەک ئەوەى سەرچاوەکانى هەواڵ باسیان لێوە کردووە، تەقینەوەکە لە ئەنجامى هێرشێکى مووشەکى روویداوە و بە هەشت مووشەک ئەو شوێنە بۆردوومانکراوە کە دەکەوێنە ناوەڕاستى باڵیۆزخانەکانى لوبنان و ئێران.
ئاژانسى مێهرى ئێرانى لە زارى سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە بڵاوى کردووەتەوە، لە هێرشەکەدا دوو گەورە راوێژکارى ئێرانى کوژراون.
چەناڵەکانی تێلیگرام نزیک لە ئێران دەڵێن لەهێرشەکەدا حاجى سادق، یەکێک لە بەرپرسانى هەواڵگرى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسداران و جێگرەکەی کوژراون، هەندێ سەرچاوەی دیکەش دەڵێن ئەبوو مونتەزەڕ، یەکێک لە سەرکردەى گروپە چەکدارە عیراقییەکان بەرکەوتووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی رادی موسەوی، یەکێک لە راوێژکارە بەئەزموونەکانی لە سوریا راگەیاند کە لە هێرشێکی مووشەکی ئیسرائیلدا کە لە ناوچەی سەیدە زەینەب لە نزیک دیمەشق بە ئامانجگیرا.