پڕۆژە پێشکەش بکەن

جوتیاران دەتوانن تا 100 ملیۆن دینار بە قەرز وەربگرن

964+

وریا فەتاح

بەپێى ئەو رێککەوتنەى لە نێوان بانکێکى ناحکومى عێراقى و وەزارەتى کشتوکاڵ هەیە، هەر جوتیارێک دەتوانێت سودمەند بێت لە وەرگرتنى قەرزێکى کشتوکاڵى کە لە 15 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات و لە 100 ملیۆن دینار، کۆتایى دێت.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەرى گشتى کشتوکاڵى سلێمانى قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: هەر جوتیارێک بیەوێت لەو قەرزە سودمەند بێت، دەبێت پڕۆپۆزەڵێک بۆ پڕۆژەکەى بنوسێت و هەموو لایەنەکان و جۆرى پڕۆژەکەى روون بکاتەوە، بەتایبەت لە بوارى هەنگەوانى یان دروستکردنى خانوى پلاستیک و کێڵگەى ماسى و پەلەورى و گاودارى.

“هەر جوتیارێک لە هەر شوێنێکى کوردستانە دەتوانێت سودمەند بێت، پێویستە لە کشتوکاڵى ناوچەکەى خۆیەوە دەستپێبکات و لەوێوە رەزامەندى وەربگرێت و دواتر پڕۆژەکەى بۆ بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵى پارێزگاکان بەرز دەکاتەوە، ئەگەر گرفت و کەموو کوڕییەک لە پڕۆژەکەیدا هەبوو بەشێوەیەکى زانستى بۆى چاک دەکرێت و دواتر دەینێرین بۆ وەزارەت و لەوێشەوە پشتگیرى دەکرێت بۆ بانک تا لە قەرزەکە سودمەند بێت”. شاڵاو جەمال واى وت.

بە وتەى شاڵاو جەمال، قەرزەکە لە 15 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات و لە 100 ملیۆن دینار دەوەستێت، بەڵام بانکەکە بە کاش پارەکەى پێنادات، بەڵکو بانکەکە پڕۆژەکەى بۆ دروست دەکات و هەموو پێویستییەکانى بەپێى ئەو بڕە قەرزەى پێى دەدرێت بۆى دابین دەکرێت.

لەبارەى شێوازى دانەوەى قەرزەکە، بەڕێوەبەرى گشتى کشتوکاڵى سلێمانى وتى،”تا پێنج ساڵ و کەوتنە سەرپێى جوتیارەکە، هیچ قەرزێک ناداتەوە بە بانکەکە، بەڵام لە دواى پێنچ ساڵ بە چەند قۆناغێک دەبێت دەستبکات بە دانەوەى قەرزەکە”.

بەپێى ئەو رێککەوتنەى لە نێوان وەزارەتى کشتوکاڵ و بانکەکەدا ئەنجامدراوە، ئەگەر هاتوو جوتیارەکە لە ئەنجامدانى پڕۆژەکە شکستى هێنا، ئەوا هیچ قەرزێکى ناکەوێتەسەر و پڕۆژەکە بۆ بانکەکە دەگەڕێتەوە، وەک ئەوەى شاڵاو جەمال باسى لێوەکرد، جوتیارەکە هیچ زیانێک هەڵناگرێت.

داوا لە جوتیارانیش دەکات، بۆ بەزانستیکردنى کەرتى کشتوکاڵى و ئەنجامدانى پڕۆژەى کشتوکاڵى، پڕۆپۆزەڵ پێشکەش بکەن و سودمەند بن لە وەرگرتنى ئەو قەرزە.